کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی سیاسەتی دووبەرەکی نانەوە لەلایەن ڕێژیمەوە؛ بەڕێوەچوونی دەورەی دژەبەهایی بۆ ٩٣ هەزار فێرخوازی ئایینیی قوم

12:41 - 17 رەزبەر 2725

لە درێژەی سیاسەتی بەرنامەبۆداڕێژراوی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی دژی کەمینە ئایینیەکان، جێگرایەتیی فەرهەنگی و پڕوپاگەندە سەر بە نووسینگەی تەبلیغاتی ئیسلامیی حەوزەی علمییەی قوم باسی لە بەڕێوەچوونی دەورەی پەروەردەیی بەرەنگاربوونەوە لە دژی ئایینی بەهایی بۆ ٩٣ هەزار فێرخوازی ئایینیی قوم لە سەرانسەری ئێراندا کردووە.

ئەو بڕیارە لە ڕۆژی سێشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤ لە کۆبوونەوەی هاوبەشی حەوزەی علمییەی قوم لە نێوان سەعید ڕووستا ئازاد، جێگری فەرهەنگیی نووسینگەی تەبلیغاتی ئیسلامی و محەممەدعەلی ئیمامپوور، بەرپرسی گەڵاڵەی بەناو "ساڵحین" سەر بە ڕێکخراوی بەسیجی موستەزعەفین، هاتووەتە ئاراوە.

لەو دانیشتنەدا پێداگری لەسەر هاوکاریی بەربڵاوی حەوزەکانی علمییە و ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیم لە بەرەنگاربوونەوە دژی چالاکیی کەمینە ئایینییەکان کراوە.

بەپێی ڕاگەیاندنی خودی بەرپرسانی ڕێژیم، نووسینگەی تەبلیغاتی ئیسلامی سەرچاوەی بەربڵاویان بۆ بەرهەمهێنانی نێواخنی دژەئایینی وەک بەهاییەت، وەهابییەت و ئەنجومەنی حوجەتییە لەبەر دەستدایە و هەوڵ دەدەن ئەو دەورانە لە ئاستی باخچەی ساوایانەوە هەتا یانە وەرزشی و حەوزە علمییەکان پەرە پێ بدەن.

ئەو دەورە پەروەردەییانەی حەوزەی علمییەی قوم نە تەنیا بەستێنی سەرکوتی کەمینە ئایینییەکان دەخولقێنێت، بەڵکوو بەشێوەی ڕاستەوخۆ تۆوی دووبەرەکی و توندوتیژی لە کۆمەڵگەی فرەچەشنی ئێراندا دەچێنێت.

هاوکات، لانیکەم ١٠ ژنی بەهایی لە ئیسفەهان بە گشتی بە ٩٠ ساڵ بەندکران سزا دراون، سزاگەلێک کە چالاکانی مافی مرۆیی ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی تارانیان بە هەوڵی ڕاستەوخۆ بۆ دۆخی دووبەرەکی نانەوەی حکوومەتی و هاندانی سیستماتیکی ئایینی گەڕاندووەتەوە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بە پەرەپێدانی پەروەردەی ئیدۆلۆژی دژی کەمینەکان، بە شێوەی کردەیی هەڵاواردنی ئایینیی وەکوو بەشێکی دانەبڕاوە لە پێکهاتەی پەروەردەیی ڕەچاو کردووە و ڕێگەی سەرکوت و نادادپەروەریی سیستماتیک درێژە پێ دەدات.