
ڕۆژی چوارشەممە، ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، کادری پێشوو و ئەندامی لێوەشاوەی حیزب کاک "محەممەد وەیسی" بەهۆی چوونە سەری تەمەن لە شاری ئۆرێبروو لە وڵاتی سوید ماڵاوایی لە ژیان کرد و درێژەی ڕێگای خەباتی بە هاوسەنگەرانی سپارد.
کاک محەممەد ساڵی ۱۳۱۹ی هەتاوی له بنەماڵەیەکی مام ناوند له شاری مەهاباد له دایک بووە و ساڵی ۱۳۳۷ دیپلۆم وەردەگرێت و دوای تەواوکردنی سەربازیی دەگەڕێتەوە بۆ شاری مەهاباد.
ساڵی ۱۳۴۰ لەگەڵ خاتوو "خەجیج تەدەیۆن" ژیانی هاوبەش پێک دێنێ، کە بەرهەمی ژیانی هاوبەشیان پێنج کچ و کوڕێکن.
دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و دەرکەوتنی ڕووکاری جینایەتکارانەی ڕێژیمی تازە بەدەسەڵاتگەیشتوو، وێڕای زۆر کەسی دیکەی کوردپەروەر پێوەندی بە ڕیزەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە دەکات.
ساڵی ١٣٥٨ لە کاتی بەڕێوەبردنی مەئموورییەتێکدا لە شاری مەهاباد لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتیی ڕێژیمەوە دەگیرێت. دوای چەند مانگ ئازار و ئەشکەنجە دوای شەڕی سێ مانگە ئازاد دەکرێت و دەگەڕێتەوە نێو ڕیزەکانی حیزب و درێژە بە خەبات دەدات.
کاک محەممەد وێڕای چەند کەسێکی دیکەی تێکۆشەری نێو ڕیزەکانی حیزب، وەک موهەندیس ڕەزا خەیاتی مەئموورییەتی دامەزراندنی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانیان پێ دەسپێردرێ. سەرەنجام دوای هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆر بە ئیمکاناتێکی کەم کاناڵێک بۆ لەقاودانی جینایەتەکانی ڕێژیم و دەنگدانەوەی خەباتی گەلەکەمان پێکەوە دەنێن.
ڕێژیم بە هەموو شێوەیەک هەوڵی بێدەنگ کردنی ڕادیۆ دەنگی کوردستانی ئێرانی دەدا، بەڵام بەهۆی لەخوبردوویی و دڵسۆزیی کەسانی وەک کاک محەممەد وەیسی و پارێزگاریی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەرەڕای جێگۆڕکەی زۆریش، ئەو دەنگە زوڵاڵەی گەلەکەمان بۆ تاقەڕۆژێکیش بێدەنگ نەبوو.
کاک محەممەد دوای پەڕینەوەی بنکەکانی سەرکردایەتیی حیزب بۆ باشووری کوردستان تا ساڵی ١٣٦٧ وەک کادری فەننیی ڕادیۆ و بەشی چاککردنەوەی بێسیمدا کاری کردووە. لەو ماوەدا زۆر پێشمەرگەی لەسەر چۆنیەتیی کاری بێسیم پێگەیاندووە کە دواتر لە ئۆرگانەکانی حیزبدا خزمەتیان کردووە.
ساڵی ٦٧ تا ٦٨ی هەتاوی بەرپرسی ئاسایشگای حیزب بووە. ساڵی ٦٩ تا ٧١ بەرپرسی پرسگەی حیزب بووە.
کاک محەممەد لە ماوەی پێشمەرگایەتیی خۆیدا پلەکانی تەشکیلاتی تا کادری دەرەجە ٢ دەبڕێت و لە هەموو بەپرسایەتییەکانیشیدا زۆر دڵسۆزانە ئەرکە پێسپێردراوەکانی بەڕێوە دەبات.
ساڵی ١٣٧١ واز لە پێشمەرگایەتی دێنێ و بەرەو غوربەت ڕێگای هەندەران دەگرێتە بەر و لە شاری ئۆرێبرووی وڵاتی سوید نیشتەجێ دەبێت و لە دوورە وڵاتیش وەک ئەندامی چالاکی حیزب درێژە بە کاری خۆی دا .
ناوبراو لە وڵاتی سویدیش ساتێک لە خزمەت بە حیزب و گەلەکەی سڵی نەکردەوە. تا ئەو کاتەی توانای جەستەیی بڕی دەکرد، بۆ هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەیەکی حیزبی ئامادە دەبوو. ئەو کاتەش بێهێزی جەستەیی هەڵسووڕانەکانی سنووردار کرد، بە دڵ هەروا لەگەڵدا بوو و تا بۆ دواجار چاوە پڕ لە حەسرەتەکانی دیداری دووبارەی وڵاتی لەسەر یەک نان هەروا وەفادار بە حیزب و ڕێبازەکەی مایەوە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.