
ڕاپۆرتی نوێی ناوەندی ئاماری ئێران سەبارەت بە بازاڕی کار لەم هاوینەدا جارێکی دیکە دژایەتیی قووڵی ڕێژیمی ئیسلامی و لاوازی پێکهاتەیی لە بەڕێوەبردنی ئابووریدا ئاشکرا کرد.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، لەکاتێکدا ژمارەی دانیشتووانی تەمەنی کارکردن زیاتر لە ٨٠٠ هەزار کەس لە ماوەی یەک ساڵدا زیادی کردووە، ژمارەی دامەزراوەکان ٢٠٠ هەزار کەس کەمی کردووە و ڕێژەی دامەزراندنیش بۆ نزمترین ئاستی خۆی لە ماوەی پێنج ساڵدا دابەزیوە.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان پشکی دامەزراندنی پیاوان گەشەی کردووە، بەڵام پشکی دامەزراندنی ژنان بە شێوەیەکی مەترسیدار دابەزیوە.
لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا نزیکەی ٣٠٠ هەزار ژنی خاوەنکار کارەکانیان لەدەست داوە و تەنها لەسەدا ١١.٥ی ژنانی سەرووی ١٥ ساڵان دامەزراون.
سەرەڕای مەندیی ئاشکرا، ناوەندی ئاماری ڕێژیم ئیدعایی ئەوە دەکات کە ڕێژەی بێکاری بۆ سەدا ٧.٤ دابەزیوە، بەو پێیەی ژمارەی دانیشتووان زیادی کردووە و ژمارەی کەسانی دامەزراو کەمی کردووە، ژمارەیەک لە شارەزایان ئمە بە دەرئەنجامی ڕاستەوخۆی بێهیوایی خەڵک، لە دۆزینەوەی کار و کشانەوەی ملیۆنان کەس لە بازاڕی کار دەزانن.
بەگشتی لە کۆی ٦٦ ملیۆن کەسی ئێرانی کە تەمەنیان لە سەرووی ١٥ ساڵەوەیە، زیاتر لە ٣٩ ملیۆن کەسیان لە بازاڕی کاردا نین و هەر بۆیە لە ئاماری فەرمیی ڕێژەی بێکاریدا بە ئەژمار نایەن.
کارناسان دەڵێن، سیاسەتی ناکاریگەر، گەندەڵی و گرینگینەدان بە پڕۆژە نیزامی و ناوچەییەکان، بازاڕی کاری ئێرانی بەرەو داڕمان بردووە.