
وەزارەتی دەرەوەی ئامریکا لە بەیاننامەیەکدا بەردەوامیی دەسبەسەرکردنی پەخشان عەزیزی، چالاکی سیاسیی کوردی مەحکووم کرد و خوازیاری ئازادیی خێرای ناوبراو و بەندکراوە سیاسییەکانی دیکە بوو.
بەپێی ئەم بەیاننامەیە، پەخشان عەزیزی لە ئاگۆستی ٢٠٢٣دا وێڕای ئەندامانی بنەماڵەکەی دەسبەسەر کراوە و لە ئێستادا لە ژووری تاکەکەسی لە بەندیخانەی ئێڤیندا ڕاگیراوە.
وەزیری دەرەوەی ئامریکا ڕایگەیاندووە کە ناوبراو لە بوونی پارێزەریش بێبەش کراوە و لە دادگاییکردنێکی ساختەدا حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاوە و مەترسیی لەسێدارەدانی خێرای لەسەرە.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئێمە داوامان لە ڕێژیمی ئێران ئەوەیە کە لەسێدارەدانی ناوبراو ڕابگرێ، پەخشان و هەموو بەندکراوە سیاسییەکان بە خێرایی ئازاد بکات و کۆتایی بە هەڵمەتی تێرۆر دژی خەڵک بهێنێ".
بەیاننامەکە باس لەوە دەکات: ''بەردەوامیی بەندکردن و هەڕەشەی لەسێدارەدانی پەخشان عەزیزی نموونەیەکی ڕوون لە هەڵسوکەوتی سیستماتیکی ڕێژیمی ئێران بۆ سەرکوتی کۆمەڵگە و پێشێلکردنی ئاشکرای مافی مرۆڤە''.
ئەم ناوەندە بۆ وەبیرهینانەوە باسی کردووە کە هەزار حاڵەتی لەسێدارە دان تەنیا لە ساڵی ٢٠٢٥دا لە ئێران جێبەجێ کراون وشەپۆلی لەسێدارەدانەکان هەروا بەردەوامە.
ئەم بەیاننامەیە جەخت دەکاتەوە کە ئامریکا لە هەوڵدان بۆ وڵامدەرکردنی ڕێژیمی ئێران لە بەرامبەر ئەم تاوانانە بەردەوام دەبێت و داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە پێش بە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ و جێبەجێکردنی لەسێدارەدانە سییاسییەکان بگرن.