کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی لەمێژینەی حیزبی دێموکرات لە وڵاتی سوید

23:35 - 18 رەزبەر 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، کاک پایدار عەزیزی، ئەندامی لەمێژینەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران،  لە نەخۆشخانەیەکی شاری ئیسکیلستوینا لە وڵاتی سوید کۆچی دوایی کرد.

پایدار عەزیزی کوڕی کوێخا عەلای مەیتاو، لە ساڵی ١٣٣٦ی هەتاویدا لە خێڵی (قورێ)ی سەر بە تیرەی قەڵخانیی گۆران لەدایک بووە.

بەهۆی نەبوونی قوتابخانە لەو ناوچەیە نەخراوتە بەر خوێندن، بەڵام دواتر بۆ خۆی توانیویەتی فێری خویندنی زمانەکانی کوردی و فارسی ببێ.

نابراو لە سەرەتای شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران-عێراق پەڕیوەی باشووری کوردستان دەبێ، بەڵام هەر زۆر زوو پەیوەندی بە شۆڕشەوە دەکات. سەرەتا لە ڕیزی پێشمەرگەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ناوچەی سەلاسی باوەجانی جێگیر لە بناری کێوی بەمۆ دەست بە تێکۆشان دەکا.

پاش دامەزرانی بزووتنەوەی کۆمەڵگەی یارسان (جنبش جامعە اهل حق)، دەبێتە ئەندامێکی کارای ئەو بزووتنەوەیە. کاک پایدار وەک پێشمەرگەیەکی ئازا، چاوساغ و پێشەنگ لە چوونەوەی پێشمەرگەکانی حیزب و بزووتنەوە بۆ ناوچەی داڵاهۆ و سەلاس، ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبوو و لەپێناو خزمەت بە بزووتنەوەی نەتەوەکەی لە گیانی مایەی دانا.

لە پاییزی ١٣٦٢ی هەتاویدا، لە کاتی گەڕانەوە لەگەڵ تیمێک لە پێشمەرگەکان بۆ ناوخۆی وڵات، لە شوێنێک بە ناوی مەیدانی هۆمەر لە بناری بەمۆ دەکەوێتە سەر مین و  لە ئاکامدا لاقێکی لەدەست دەدا. کاک پایدار سەرەڕای ئەوەی لاقێکی لەدەست دابوو، بەڵام بە شانازییەوە ئەیوت مادام لەپێناوی کوردستاندا بووە، پەشیمان نیم.

زۆر جار بە تاسەی گەڕانەوە بۆ میلکان، گۆرانیی بۆ داڵاهۆ دەچڕی. هەندێ جاریش بە بینینی وێنە و گرتە ڤیدیۆ لە ناوچەکانی زەهاو، پشتنەنگ و سەرقەڵا دڵتەنگ دەبوو.

ئەو کە زیاتر لە ٤ دەیە ژیانی لە تاراوگە تێپەڕاند و حەسرەتی دیداری نیشتمان و زێدەکەی لەسەر دڵی ببوو بە گرێ، لەگەڵ ئەوەی ئاواتی دەخواست کە بە ئازادی میلکانەکەی ببینێ، بەڵام قەت ئامادە نەبوو بە هەبوونی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بچێتەوە داڵاهۆ.

کاک پایدار لە ماوەی مانەوەی لە وڵاتی سویددا، توانیی جگە لە زمانەکانی کوردی و فارسی، بە باشی فێری خوێندن و نووسینی زمانی سویدیش بێ. 

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو و سەرجەم خەڵکی تێکۆشەری ناوچەی داڵاهۆ و دەڤەری کرماشان دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.