کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کورد یەکەم قوربانیی ئیسلامی سیاسییە ( لە گرووپی "هونەرگەی وڵات"ەوە بۆ سەمای "فلامینکۆ"ی ئیسپانیا)

11:02 - 19 رەزبەر 2725

عەلی لەیلاخ
ئەگەر بمانهەوێ بەکورتی و خێرایی ئاوڕ لە ڕەوتی ئیسلامی سیاسی لە ئێران و ناوچەکە بدەینەوە، دەتوانین هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی بە قوناخێکی کردەیی و گرینگ بزانین لە پەرەپێدانی ئەم ڕەوتە ترسناکە و، لێکەوتەکانی ئەم شێوە حکومەتدارییە تەنانەت لە ئاستی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا‌ دەبیندرێ.
ئیسلامی سیاسی لە بنەڕەتدا بەرانبەر بە بیرۆکە ڕۆژئاواییەکان و شەپۆلی نوێخوازیی سیاسی سەریهەڵداوە و، لە سەدەی بیستەمدا، دژ بە هەر جۆرە سێکۆلاریزمێک وەستاوەتەوە.
لە ڕوانگەی ئیسلامی سیاسییەوە، هەست بە مەترسیی لەنێوچوونی ئوسوول و بنەماکانی دینی ئیسلام دەکرێ و، پێیان وایە کۆمەڵگە دەبێ بگەڕێتەوە بۆ قۆناخی زێڕینی ئیسلام، واتە ٣٠٠ ساڵەی یەکەمی حکومەتی ئیسلامی لە پێغەمبەری ئیسلامەوە، تا سەردەمی خولەفای ڕاشدین و " تابعین". بۆ ئەم مەبەستەش بەسەر دوو دەستە دابەش‌کراون:

دەستەی "جیهادی" و دەستەی "لاجیهادی" واتە ڕێگە توندوێژی و ڕێگەی تەبلیغ و ئیرشاد.
ڕووداوەکانی باشووری کوردستان لە شەڕی دووهەمی کەنداو لە ساڵی ٢٠٠٣وە لەسەر گەشەی سەلەفیگەریی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان شوێندانەریی خۆی هەبووە. بەڵام چاوگە و بەستێنکەی زیاتر دەگەڕێتەوە بۆ هەبوونی دەسەڵاتێک بەناوی کۆماری ئیسلامی، کە ڕاستە لەسەر بنەمای "شیعەی دوازدە ئیمام" دامەزراوە، بەڵام بۆ ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گرووپە ئیسلامییە سوننەکان مامەڵەی جۆراجۆری کردووە.
حکومەتی تاران تا کاتێک ئیسلامی سیاسیی سوننە چ وەکوو تاک و چ وەکوو گرووپ بەدژی خۆی نەبێ، چاوپۆشی لە چالاکییەکانی دەکا و نموونەش زۆرن کە تەنانەت بەمەبەستی ئەمنی و بەئامرازکردنیان هاوکاریی کردوون.
بەداخەوە لەم نێوانە‌دا تەنیا خەڵکی کورد و بەرژەوەندییەکانی خەساری لێکەوتووە و ئەم خۆسەپاندن و بیری تۆندڕەوییە کەلێن و قەڵشتی خستۆتە نێو ماڵی کورد و، دەیان ڕۆڵەی کوردی لەو پێناوەدا لە نێوخۆی ڕۆژهەڵات یان لە کابول و تکریت و ڕەققە بەکوشتن داوە.
بەپێی توێژینەوەیەکی زانکۆی ئیسفەهان، کوردستان لەبارترین شوێن بووە بۆ پێکەوەژیانی ئایینی و لە مێژوودا شەڕی بەربڵاوی ئایینی لە ناوچەکانی کوردستان ڕووی نەداوە. بەڵکوو "کوردبوون" خاڵی هاوبەش و بەهێز بووە بۆ پێکەوەژیانی ئاشتییانە و، تەنانەت مەترسیش نەبوون بۆ سەر دراوسێکانیان.
ئەم تایبەتمەندییە بەنرخە، بەهۆی هاتنەسەرکاری کۆماری ئیسلامی و پەرەپێدان بە ئایین‌سالاریی حکومەتی، تاڕادەیەک خەوشی تێکەوت و، ئەگەر حیزبە سێکۆلارەکان هەوڵیان بۆ جێخستنی شوناسی نەتەوەیی نەدابا، بێگومان ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەبوو بە ناوەندێکی مەترسیدار بۆ زاوزێی بیرۆکەی توندئاژۆیی ئایینی.
 ئەگەرچی بە هۆکارگەلێک لە دوو دەیەی ڕابردوودا شاهیدی هەندێک چالاکی و دەرکەوتنی توندڕەوانە بووین بەڵام بە سەرنجدان بە کۆی گشتیی خەڵکی کورد، بۆمان دەردەکەوێ کە ڕەپۆشە و فەزای زاڵی خەڵکی کوردستان بیری "شوناسخوازی و نیشتماندۆستی"یە،  هەتا پەرەپێدان بە کۆنەپەرەستی و فەرزکردنی فەریزەی ئایینی بەسەر کوردایەتی!
ئەم ژیریی سیاسییە، بەکگراوەندی مێژوویی هەیە و حیزبیکی ڕیشەدار وەکوو حیزبی دێموکرات بۆ ناساندن و جێخستنی سێکۆلاریزم‌ هەوڵی زۆری داوە و، کەسە یە‌کەمەکانی ئاڵاهەڵگری  بوون.
بە چاوخشاندنێک بەسەر نووسین و وتارەکانی دوکتور قاسملوو لەگەڵ پەسەندکراوی کۆنگرەکانی حیزبی دێموکرات، پاتەوپات هەست بە دەروەست‌بوونێکی ویژدانی دەکەین لە هەمبەر واقعیەتی کۆمەڵگە و، هەوڵدان بۆ چەسپاندنی سێکۆلاریزم و دووربوون لە ململانێی ئایینی.
کەواتە کاتێک باس لە بەرەنگاربوونەوەی خەڵکی کورد و بیری توندڕەوی دەکرێ، نابێ لە قوناخی داعش‌ و تەنیا  لە مەدحی پارچەیەکدا قەتیس بکرێتەوە. بەڵکوو خۆڕاگریی خەڵکی ڕۆژهەڵات لەنێو بەرداشی ئیسلامی سیاسیی "شیعە و سوننە" بۆ لێ‌فێربوون و وەبیرهێنانەوەش دەبێ. ئەگەر ئێستاکە سەرەڕای ئەوەی گرووپە ئایینییەکان بێ‌کێشەتر و ڕەهاتر لە ڕێکخراوە سێکۆلارە ناسیۆنالیستەکان، خەرێکی تەبلیغ و چالاکین و زۆرینەی خەڵک بە هەڵسوکەوتی خۆیان لایەنی نیشتمانی و کوردبوونەکەیان بۆ گرینگە، ئەوە مێژووییەکی لە پشتەوەیە و پێمان دەڵێ کە خەڵکی کورد چیتر ناچێتە خانەی شەڕی ئایینزایی و توندڕەویی ئاینییەوە.
خاڵی گرینگ ئەوەیە کە هەرکات شاهیدی هەڵوێستێکی توندڕەوانە دەبین لەلایەن هێندێک مەلا و وتاربێژانی "نانیشتمانی"یەوە! نابێ پەرچەکرداری ئێمە خەسار لەو پلۆرالیزمە بدا کە گەلی کورد تێچووی بۆ داوە.
وڵامدانەوەی فیکری و وەستانەوە بەدژی بیری توندڕەویی ئایینی لەگەڵ بێڕێزی‌کردن بە باوەڕی باوەڕمەندانی ئایینی دوو شتی تەواو لەیەک جیان و، ئەوەی کە پێگەی حیزبی دێموکراتی لەچاو لایەنەکانی دیکە بەرزتر کردوە هەمان ڕێزگرتن لە پلۆرالیزم و خۆدوورگرتن بووە لە بێڕیزی بە پێکهاتەی کۆمەڵایەتیی خەڵکی کوردستان. جێی‌ وەبیرهێنانەوەیە کە گەلی کورد ئیسلامی قبووڵ کرد و وەکوو "دین" لە جێگەی خۆی داناوە. هەروەها زۆرن ئەو ڕێبەرانەی ئێمە کە هەر لە حوجرە و مزگەوتەکانەوە بانگی حەقخوازییان سەردا و بوون بە پێشەنگ! ئەمڕۆکەش کەسایەتیی ئایینیمان زۆرن کە بە بیانووی یادی خودا، خەمی خەڵک و وڵاتیان لەبیر نەکردوە. بۆیە لە کاتی هەڵوێست‌گرتنەکان دەبێ ئەوان لە گەڵ توندئاژۆخوازان جیا بکرێتەوە.
لەم ڕۆژانە بەهۆی گرووپێکی هەڵپەڕکێی کوردی دیسان باڵاپۆشی و جل‌وبەرگ بوو بە بیانوویەک بۆ بێڕیزیی دوولایەنە! پێویستە وەبیری خۆمانی بهێنینەوە ئەو جل‌وبەرگەی کە ئیسلامییەکان پەسندی دەکەن و ناویان لێ‌ناوە "حیجاب"! بەشێکە لە فەرهەنگی عەرەب کە ئاساییە گۆڕانی بەسەردا بێت. نەتەوەی کوردیش بەپێی هەڵکەوتەی جوغرافیایی و کولتووری ژیان و خەباتی، جل‌وبەرگی خۆی هەیە و ئەم گەلە نابێ بەناوی خوا و باوەڕی دینییەوە چیتر بچەوسێتەوە. مەولەوی وتەنی:
ئەگەر پەی خاسان حیجاب خاس مەدی

ئافتاب و مەهتاب هیچ کەس نمەدی!
لە لایەکی دیکەش هەر خودی کولتووری کوردی بۆ نموونە هەڵپەڕکێ، کە دەگوترێ تێکەڵەی "بەزم و ڕەزم"ە، لە لایەنی "ڕەزم"ەکەیەوە نواندنێکی سیبمۆلێکە بەدژی دژبەران و ناحەزانی جوانی‌کوژ. هاوشێوەی "سەمای فلامینکۆ"ی ئیسپانیا  دێتەبەر چاو کە دەگوترێ تووڕەییەکی مانادار و مێژوویی لەو سەمایەدا خۆی دەنوێنێ. ڕیشە و هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمانی داگیرکردنی ئیسپانیا لە‌‌‌لایەن موسڵمانە عەرەبەکانەوە لە سەردەمی خەلافەتی ئومەوی، کە ماوەی ٨٠٠ ساڵی خایاند.
پاش  داگیرکردنی "ئەندەلۆس" دەگوترێ "فاتحین" لە ڕێگای جیاجیاوە دەستیان دایە چەوساندنەوەی خەڵک، بەتایبەتی چینی جوتیار و خوارەوەی کۆمەڵگە و، ژنان و کۆیلەکانیان ناچار دەکرد لە بەزمی شەوانی ئەشرافیی دەسەڵاتداردا سەما بکەن.
هەر بۆیە تووڕەیی لە کۆیلایەتی و هەستی پەنگخواردوو بۆ ئازادی و پساندنی کۆت و زنجیری یەخسیریی چۆتە ناخی سەمای "فلامینکۆ"ی ئیسپانیا و ئێستاش وەکوو هونەری ئیعترازی لەنێو ئاخنیدا، بەجوانی  ماوەتەوە.

ژێدەر:
ظهور و گسترش سلفی‌ها در کردستان ایران
کتێبی ٨٠ ساڵ خەبات لە پێناو ڕزگاریدا