کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەڕێوەچوونی کۆڕێک بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبی "ئاو"

12:23 - 19 رەزبەر 2725

ناوەندی پەروەردەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆڕێکی بۆ پەردەلادان لەسەر کتێبی "ئاو" لە نووسینی پێشمەرگەی لاو، "سینا خەلیلی" بەڕێوە برد.

ئەم کۆڕە ڕۆژی پێنجشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠٤، بە بەشداریی نووسەر، ژمارەیەک لە ئەندامانی ڕێبەریی حیزب، کادر و پێشمەرگە و بنەماڵەکانی حیزب بەڕێوە چوو.

کۆڕەکە بە ڕاگەیاندنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان لەلایەن سیمین ڕۆحانیزادە، پێشکەشکاری کۆڕەکەوە دەستی پێ کرد.

دواتر کاک مەنسوور مروەتی، کادری سیاسیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەبۆنەی چاپ و بڵاوکرانەوەی ئەم کتێبە، چەند وتەیەکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

ناوبراو وێڕای ئاماژە بە فۆرمی نووسینی ئەم چیرۆکە پەرژایە سەر بەردەوامیی نووسەر لە نووسین و بە ئاماژە بە کتێبی "ز" لە نووسینی سینا خەلیلی کە لە کاتی مووشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبدا و لە دۆخێکی هەستیاردا نووسیبووی، توانا و ئیرادەی ئەم پێشمەرگە لاوەی حیزب بۆ نووسین و گەشەکردن لەم بوارەی بەرز نرخاند.

دواتر شیکارییەک لەسەر کتێبەکە لە نووسینی دوکتور م.گ لە نێوخۆی وڵاتەوە، لەلایەن سیمین ڕۆحانیزادەوە پێشکەشی ئامادەبووان کرد.

لە بڕگەی دواتردا، سینا خەلیلی سەبارەت بە گرینگیی گێڕانەوە لەنێو ئەدەبی کوردیدا چەند وتەیەکی پێشکەش کرد.

خەلیلی سەبارەت بە کتێبی ئاو ڕایگەیاند: "نۆڤلێتی ئاو، لە ڕووی فۆڕم و تکنیکەوە، چەن بەشی و چەن ڕووداوی و چەن زەمەنییە، زمانی گێڕانەوەکەی یەک تۆن و یەک لەحن و یەک شێوازی بێ خاوەنە، گێڕەوەر لە قالبی چەن کەسیدایە، پاڵەوانی هەر بەشێکی دەکارێ خاوەنی ئەو لەحن و تۆن و بڕوایە بێ و نەبێ.

نۆڤلێتی ئاو حەولێکە بۆ هەستپێکردنی ئەویدی داگیرکراوی ناوەوەی سوژە، ئەویدیەکی دەروونی داگیرکراوی چێ بوو و کۆنترۆڵ کراو بە دەستی بنەکە و دامەزاروەکان، کە حەزەکان و ڕەقەکان و ویستەکان و تێڕوانینەکانی سوژە ئاراستە و خەت دەدن. دەقەکە بۆ ئەوە لە دوو حاڵەت و شێوە ڕوانین کەڵکی وەرگرتووە، حاڵەتێکی دەرەوەیی کە بەشی یەک و سێ دەگرێتەوە و ڕووداوەکان و بەسەرهاتەکان لەدەرەوەی مرۆڤن و مرۆڤ تەنیا سەیرکەرە، حاڵەتێکی دەروونیژی  کە بەشی دوو و چوار و پێنج دەگرێتەوە کە ڕووداوەکان و جووڵەکان لە ناوەوەی مرۆڤن و لێنزی کامێراکە بۆ هەستەکان و بیرکردنەوەکان فوکوس کراوە، نەوعە ڕیکۆردێکی دەروونی بە ئاماژە کراو بۆ ساغکردنەوەی وێنەیەکی هەڵە لە ئەلێفەوە تا خ."

لە دوابڕگەدا پەردە لەسەر کتێبەکە لادرا و پێشکەشی ئامادەبووان کرا.

سینا خەلیلی، تەمەن ٢٤ ساڵ و خەڵکی شاری مەهاباد، پێشمەرگەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانە و لە دوای کتێبی "ز" ئەمە دووهەمین بەرهەمی ناوبراوە کە لە قالبی کتێبدا چاپ دەکرێت و دەخرێتە بەر دیدی خوێنەرانی بواری ڕۆمان و چیرۆکەوە.