کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نیگەرانیی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لە هەڵکشانی بێوێنەی ڕێژەی لەسێدارەدانەکان لە ئێران

12:25 - 19 رەزبەر 2725

لە ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوە دژی سزای لەسێدارەدان، کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری ئێران وێڕای نیگەرانیی چوونەسەرەوەی لەڕادەبەدەری ڕێژەی لەسێدارەدانەکان ڕایگەیاند: "ڕێژەی لەسێدارەدانەکان بەنیسبەت ١٥ ساڵی ڕابردووەوە بێوێنە بووە".

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەو ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی تاران لە دەسپێکی ساڵی ٢٠٢٥وە هەتا ئێستا زیاتر لە هەزار کەسی لە سێدارە داوە.

بەپێی زانیارییەکانی ئەو هەیئەتە، زۆربەی لەسێدارەدراون بە تۆمەتی "سیخۆڕی" لە سێدارە دراون.

لەو ڕاگەیەندراوەدا پێداگری لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان لە ئێران بەشێک لە سیاسەتی بەربڵاو و ئامانجدار دژی ئەو شارۆمەندانەی ئێرانە کە لە ڕەوتی شۆڕشی ژینادا خوازیاری مافی خۆیان بوون.

ئەو نیگەرانییانەی کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان لەکاتێکدایە کە لە ماوەی حەفتەی ڕابردوودا شۆرای نیگابانی ڕێژیم یاسایەکی پەسەند کرد کە تێیدا بازنەی جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیاتر پەرە پێ داوە و دەستی ناوەندە بەناو دادوەری و ئەمنییەتییەکانی ئەو ڕێژیمەی بۆ جێبەجێکردنی ئەو سزا دژەمرۆییانە ئاوەڵاتر کردووە.

کۆمیتەی دۆزینەوەی ڕاستییەکان ئەو هەوڵانەی ڕێژیمی ئێرانی بە جینایەت دژی مرۆڤایەتی لە قەڵەم داوە و بەرپرسایەتیی سزای نامرۆڤانەی لەسێدارەدانی خستووەتە ئەستۆی ئەو بەناو دادوەرانەی کە بە شێوەی سەرەڕۆیانە ئەو سزایانە دەر دەکەن.

ئەو کۆمیتەیە باسی لەوە کردووە کە چەندین جار داوا لە کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی کراوە کە سزای لەسێدارەدانی تەواوی ئەو کەسانەی ئەو سزایەیان بەسەردا سەپێندراوە، هەڵبوەشێنێتەوە و هەروەها ئەو کەسانەی بە شێوەی سەرەڕۆیانە و بێ هۆکار دەسبەسەر کراون و لە مافی ئازادیی ڕادەربڕین و بەرگریکردن لە خۆیان لێ زەوت کراوە، بە زوویی ئازاد بکات.