
ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی، حەوتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەژێرناوی کۆنگرەی "خوێندکارانی شوناسپارێز" و بە دروشمی "زانکۆ، سەنگەری هەڵوێست و هوشیاریی نەتەوەیی" بەڕێوە چوو و دوای ڕۆژێک کاری چڕوپڕ کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنا.
سەرەتای کۆنگرەکە بە سروودی نەتەوایەتیی "ئەی ڕەقیب" و ڕاگرتنی چەند ساتێک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ڕزگاریی کورد و کوردستان دەستی پێ کرد.
پاشان لەلایەن هەیئەتی ئامادەکاری کۆنگرەوە بەخێرهاتنی ئەندامانی ڕێبەرایەتیی حیزبی دێموکرات و بەشداربووانی کۆنگرە کرا و دواتر پەیامی کرانەوەی کۆنگرە لەلایەن "سەرگوڵ شابازی"، جێگری سکرتێری پێشووی یەکیەتیی خوێندکارانەوە خوێندرایەوە.
پاشان جەماڵ فەتحی سکرتێری پێشووی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، وێڕای بەخێرهاتنی بەشداربووان چەند وتەیەکی لەسەر دۆخی سیاسیی ئێران و بزووتنەوەی خوێندکاری پێشکەش کرد.
چەپکەگوڵی دەستەی کارگێڕیی حیزب لەلایەن خاتوو "خەدیجە مەعزووری" ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی دێموکراتەوە بە نوێنەرایەتی لە ئەندامانی کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکاران پێشکەش بە "جەماڵ فەتحی" سکرتێری پێشووی ڕێکخراوەکە کرا.
پەیامی دەستەی کارگێڕیی حیزب لەلایەن بەڕێز "حەسەن شەرەفی" ئەندامی دەستەی کارگێڕیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێرانەوە پێشکەش بە بەشداربووانی کۆنگرە کرا.
بەڕێز شەرەفی وێڕای پیرۆزبایی لە بەڕێوەچوونی کۆنگرەی خوێندکاران، پێداگریی لەسەر ئەرک و بەرپرسیارەتی خوێندکاران لە قۆناغی نوێی بزووتنەوەی کوردستان کردەوە و لەم پێوەندییەدا ئاماژەی بە ڕۆڵ و کاریگەریی لاوان و لەنێویاندا خوێندکاران لە بزووتنەوەی ژینا و بەگشتی بزووتنەوەی نەتەوەیی کوردستان کرد. هەروەها لە کۆتایی قسەکانیدا پشتیوانیی حیزبی دێموکراتی لە یەکیەتیی خوێندکاران و بزووتنەوەی خوێندکاری لە ئێران و کوردستان دووپات کردەوە.
لە بەشێکی دیکەدا ئاماژە بە پەیامی چەندین ڕێکخراو و مامۆستای زانکۆ بە مەبەستی پیرۆزبایی لە کۆنگرە کرا.
دواتر کاک سلاح خزرپوور بەرپرسی ئەنجومەنی زیندانییە سیاسییەکان چەپکەگوڵی پیرۆزبایی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی پێشکەش بە خاتوو سەرگوڵ شابازی کرد.
لە بڕگەی دیکەدا بەڕێز سمایل شەرەفی بەرپرسی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پەیامی ئەوە ناوەندی پێشکەش کرد.
لەو پەیامەدا وێڕای پیرۆزبایی لە کۆنگرە باس لە بەردەوامیی خەباتی گەلی کورد بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە ئینسانی، دێموکراتیک و نەتەوەییەکانی کرا کە خوێندکارانی کورد لە سەنگەری زانکۆوە، وێڕای خۆپێگەیاندنیان، بەشێک بوون لە پێشانگایەتی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی کوردستان و لەمێژ ساڵە زانکۆکانیان کردووەتە مەتەرێزی پاشەکشەدان بە دیکتاتۆری، کۆنەپەرەستی و حاشاکردن لە واقعییەتی نەتەوەکانی ئێران.
بڕگەی دواتری ڕێوڕەسمی کردنەوەی کۆنگرەدا دێکۆمێنتارییەک لەسەر خوێندکار و بزووتنەوەی خوێندکاری و کار و چالاکییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران لە ماوەی کۆنگرەی شەش هەتا حەوت بە شێوەی ڤیدیۆیی لە ساڵونی کۆنگرە بڵاو کرایەوە.
لە دوای کۆتاییهاتنی بەشی یەکەم، کۆنگرە کارەکانی خۆی دەست پێ کرد.
لە دوای وەرگرتنی دەنگی "ڕەوایی" بە کۆنگرە، حەوتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان دەستی بە کارەکانی خۆی کرد.
دوای هەڵسەنگاندن و ڕەچاوکردن و باسکردن لەسەر پێشنیار، ڕەخنە، تێبینی و ڕاوبۆچوونە جیاوازەکان لەسەر راپۆرتی سیاسی و بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆ و بڕیارنامەکان، لە چەند بڕگەی جیاوازدا پەسەند کران.
لەم کۆنگرەدا بڕیار لەسەر گوڕینی ئارم و لۆگۆی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان درا و کۆمەڵێک بڕیار و نەخشەڕێ بە بەڕێوەبەریی نوێی ڕێکخراوەکە ڕاسپێردرا.
لە بڕگەی کۆتایی کاری کۆنگرەدا لە ڕەوتی هەڵبژاردنێکی ئازاد، نهێنی و دێموکراتیکدا و بە سەرپەرستیی ناوەندی هەڵبژاردنی حیزب، بەڕێوەبەریی سەرەکی و جێگرەکان هەڵبژێردران و بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی خوێندکاران هەڵبژێردراوی کۆنگرەی حەوتەم لە یەکەم کۆبوونەوی خۆیاندا، بە تێکڕای دەنگ، "هەردی سەلیمی"ـیان وەکوو سکرتێری یەکیەتیی خوێندکاران هەڵبژارد.