
وتەبێژی شۆرای نیگابان ڕایگەیاند، ئەو شۆرایە دوای ئاڵوگۆڕی بچووک لەلایەن مەجلیسەوە، گەڵاڵەی چڕکردنی سزای سیخوڕیی پەسەند کردووە و کردوویەتی بە یاسا.
بەپێی دەقە پێداچوونەوەکراوەکە، ئەمریکا و ئیسرائیل وەک "دەوڵەتی دوژمنکار" ناسێنراون و هەر چالاکییەکی هەواڵگری یان عەمەلیاتی بۆ ئەوان، سزای لەسێدارەدان و دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەدواوە دەبێت.
لەو یاسایەدا شۆرای باڵای ئەمنییەتی میللی وەک دەسەڵاتی دەستنیشانکەری "دەوڵەت و گرووپە دوژمنکارەکان" و وەزارەتی ئیتلاعات وەک دەسەڵاتی دەستنیشانکەری "تۆرە دوژمنکارەکان" دیاری کراون.
هەروەها ناردنی زانیاری یان گرتە ڤیدیۆییەکان بۆ میدیا بیانییەکان ئەگەر بە "دژی ئەمنییەتی میللی" دیاری بکرێت، دەتوانێت ببێتە هۆی سزای لەسێدارەدان.
ئەم بڕیارنامەیە لە دۆخێکدا پەسەند کراوە کە دەیان پارێزەری سەربەخۆ و چالاکی مافی مرۆڤ هۆشدارییان داوە و ئەو یاسایەیان بە "کارەساتێکی گەورە" بۆ سیستمی دادوەریی ئێران ناو بردووە و نیگەرانیی خۆیان لە زیادبوونی مەترسیی لەسێدارەدانی سیاسی دەربڕیوە.
هەروەها ڕیپۆرتێری تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران نیگەرانیی خۆی لەم ڕەوتە دەربڕیوە.