
خەڵکی خۆشەویستی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
خوێندکارانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!
کۆڕوکۆمەڵە خوێندکاری و دامەزراوە خوێندکارییەکانی کوردستان و ئێران!
سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی ڕێکەوتی ١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی بەرامبەر بە ١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ـی زایینی، حەوتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەژێر ناوی "خوێندکارانی شوناسپارێز" و بە دروشمی "زانکۆ، سەنگەری هەڵوێست و هۆشیاریی نەتەوەیی" و دەستی بە کارەکانی کرد و بەخۆشییەوە ڕادەگەیەنین هەتا ئێوارێی هەمان ڕۆژ بەسەرکەوتوویی کۆتاییی بە کارەکانی هێنا.
کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لە کەشێکی بەتەواوی دێموکراتیک و هەروەها لە فەزایەکی وتووێژتەوەر و سیاسیدا، وێڕای پەسەندکردنی ڕاپۆرتی سیاسیی دەستەی بەڕێوەبەریی پێشوو بۆ کۆنگرە و بەرنامە و پێڕەوی نێوخۆی ڕێکخراو، کۆمەڵێک بڕیار و ڕاسپاردەی نوێی بۆ قۆناغی نوێی تێکۆشانمان پەسەند کرد. نوێنەرانی کۆنگرە لە دوابڕگەی کارەکانیاندا و لە ئاکامی هەڵبژاردنێکی ئازاد و سالم و نهێنی و دێموکراتیک دەستەی بەڕێوەبەریی نوێی بۆ ڕێکخراو هەڵبژارد و دواتریش بە کۆی دەنگی ئەندامانی بەڕێوەبەری هەڵبژێرراوی کۆنگرەی حەوتەم، هاوڕێ هەردی سەلیمی وەک سکرتێری نوێی یەکیەتیی خوێندکارانی کوردستان هەڵبژێررا.
هاونیشتمانانی بەڕێز!
کۆنگرەی حەوتەمی ڕێکخراوەکەمان لە کاتێکدا و لە دۆخێکدا گیرا کەوا هەلومەرجی ناوچە و وڵاتەکەمان لە بەردەم کۆمەڵێک گۆڕانکاریی خێرا و قووڵدایە و ئەم گۆڕانکارییانەش کاریگەرییان لەسەر کۆی بزووتنەوەکەی ئێمە هەیە. لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵێک ڕووداوی سیاسیی زۆر گرینگ لە کوردستان و ئێران و ناوچەدا ڕوویان داوە کە مزگێنیی گۆڕانی قووڵ و بنەڕەتیمان پێ دەدەن، هەر لەدوای دەسپێکی بزووتنەوەی "ژن، ژیان، ئازادی" کە خوێندکارانی کورد ڕۆڵێکی چالاک و بەرچاویان تێدا گێڕا، نیشان لەوەیە هەم بەرەو گۆڕانی قووڵ و چارەنووسساز هەنگاو دەنێین و هەمیش دەرفەت و بەستێنەکان زۆر لەبارن بۆ داهاتووی تێکۆشان و خەباتمان.
دۆخی سیاسیی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دۆخێکی قەیراناوییە و ئەو ڕێژیمە ڕۆژ لەگەڵ ڕۆژ بەرەوڕووی کێشەی قووڵ و بنەڕەتیتر دەبێتەوە، لە هەمان کاتیشدا بەخۆشییەوە وشیاریی نەتەوەییی باقیی نەتەوەکانی نێو ئێران خەریکە دەگاتە ئاستێکی باش کە دەتوانێ یارمەتیدەرێک بێ بۆ هاوپێوەندی و پێوەندیی پتری ئێمە وەک نەتەوەی کورد لەگەڵ ئەو نەتەوانە کە ویستی هاوبەشمان هەیە، ئەمەش دەتوانێ ئەگەرێک بێ بۆ ئەوەی چیی تر چارەنووسی ئەم نەتەوانە لەژێر هەژمۆنیی یەک نەتەوە و ناوەندییەتێکدا نەمێنێ و بۆ هەمیشە ئەو بیرۆکە شۆڤینیستییە بنبڕ بکرێ.
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لەم چەند ساڵەی دواییدا تووشی چەندین تەنگەژەی گرینگ بووەتەوە و بەتەواوی ڕەواییی خۆی لەدەست داوە، ئەمەش لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی "ژن، ژیان، ئازادی" و چەندین جار بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕێژیمدا خۆ دەردەخەن. لەگەڵ ئەوە لە ڕووی نێونەتەوەیییشەوە لەگەڵ کۆمەڵێک گرفت و گوشاری زۆر جددیدا بەرەوڕوو بووەتەوە کە دەربازبوون لەو کێشانەی وا خۆی خولقاندوویەتی، بۆ ئەو ڕێژیمە دەستەبەر نابێ؛ کۆی ئەمانە دەرفەتە زێڕینەیەکن بۆ هەموو ئەو نەتەوانەی وا خەونی ئازادی و ڕزگارییان لە چەنگ دیکتاتۆری و فاشیزمی مەزهەبی لەسەردایە، ئێمە لە هەلومەرجێکی چارەنووسسازداین و پێویستە بە ڕێکخستنێکی تۆکمە هەموو وزە و تواناکانمان وەسەر یەک بخەینەوە، بۆ ئەوەی بە دەستی پڕ لەم قۆناغە دەرچین و سەرکەوتنمان مسۆگەرتر بکەین.
سەرکەوتنی شۆڕشی نوێی گەلی نیپاڵ کە بە بەشداریی بەرچاوی خوێندکاران و لاوانی ئەو وڵاتە دەستەبەر بوو و توانیی کۆتایی بە دەسەڵاتی دیکتاتۆری لەو وڵاتەدا بێنێ، نموویەکە بۆ ئەو ڕاستییە کەوا دەسەڵاتە سەرەڕۆکان ناتوانن بۆ هەمیشە بە زەبری چەک و سەرکوت بەردەوام بن و گەر لە بەرامبەر ئیرادەی کرداریی خەڵکدا بەرەوڕوو ببنەوە، چۆک دادەدەن. کۆماری ئیسلامییش بە هەمان شێوەیە، لەگەڵ ئەوەی دەیان گرفتی جۆراوجۆری نێوخۆیی و نێونەتەوەییی هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا بەتەواوی پشتی بە هێزی سەرکوتەکەی بەستووە و ڕێگە چارەیەکی بۆ دەربازبوون پێ شک نایە؛ بەدڵنیایییەوە هەر ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی تووڕەییی زیاتری خەڵک ببزوێنێ و تووشی چارەنووسێکی بکات کەوا پێشتر دیکتاتۆرەکانی تر تووشی بوون.
خوێندکارانی شوناسپارێزی کورد!
کۆی بزووتنەوەی ئێمە هەوڵدان بووە لە پێناو دەستەبەرکردنی سەروەرییەکی نەتەوەیی بۆ نەتەوەی کورد، کە ئەمە لە سەردەمی کۆماری کوردستانەوە سەرچاوەی گرتووە و هەتا ئێستا کە گەیشتووەتە دەستی ئێمە. هەر لەسەر بنەمای ئەو ڕابردووە بەخۆشی و شانازییەوە ئێمە خاوەنی پاشخانێکی فکری-مەعریفیی بەهێزین و خەباتی ئێمە وێڕای تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافە نەتەوایەتییەکانمان هەمیشە تەقەللای چەسپاندنی بەها مرۆیییەکانی وەک: دێموکراسی، مافی مرۆڤ، مافی دیاریکردنی چارەنووس، دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و نەهێشتنی هەرچەشنە هەڵاواردنێکی داوە؛ لەم ڕووەوە و بەم پێناسانەی وا خەباتەکەمان بە خۆیەوە گرتووە و بووەتە بەشێک لە شوناسی خەباتکارانەی نەتەوەکەمان دەبێ هەوڵ بدەین بەردەنگ و هاوسۆزی زیاتر لەنێو کەسانی هەڵکەوتە و خوێندکاری نەتەوەکانی تر بۆ لای خۆمان و دۆزی نەتەوەکەمان ڕابکێشین و بتوانین بە وەسەریەکخستنەوەی هێز و توانا و وزەکانی خۆمان ئەو ویست و ئامانجانەی وا هەمانە دەستەبەریان بکەین.
سەر کەوێ خەباتی ئازادیخوازانەی نەتەوەی کورد
سەر کەوێ یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
بەرێوەبەریی یەكێتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان
١٨ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی
١٠ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٥ـی زایینی