کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترۆئیکای ئورووپا: بەرنامە ی ناوکیی ئێران هەڕەشەیەکی گەورە بۆ ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە

16:49 - 19 رەزبەر 2725

ڕێبەرانی بریتانیا، فەرانسە و ئاڵمان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەکی هاوبەش وێڕای پاڵپشتی لە گەڕانەوەی سزاکان لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی کۆماری ئیسلامی، بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمیان بە هەڕەشەیەک بۆ سەر ئاسایشی جیهان زانی.

ترۆئیکای ئورووپا ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەر لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا ڕایانگەیاند کە هەوڵەکانی خۆیان بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستاندنەکانی بەرنامەی ناوکیی ئێران و ئامریکا درێژە پێ دەدەن.

ڕێبەرانی ئەم سێ وڵاتە ئوروپاییە جەختیان کردەوە کە بەرنامە ناوکییەکەی ڕێژیمی ئێران، هەڕەشەیەکی گەورە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی جیهانییە.

لەم بەیاننامە هاوبەشەدا هاتووە کە ئورووپا پێبەندە بە گەڕانەوەی دانوستانەکان بە مەبەستی دەستەبەرکردنی ئاشتی و ڕێککەوتنێکی گشتی و جێگیر کە گەرەنتیی ئەوە بکات کە ڕێژیمی ئێران هیچکات چەکی ناوکیی نابێت.

ڕێبەرانی ئەم سێ وڵاتە لە هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیان ویستووە کە لە ڕێگەی مێکانیزمی ماشەوە پێبەند بە گەڕانەوەی دووبارەی سزاکان بن.

مێکانیزمی ماشە کە دوای یەک دەیە بە شێوەی ئۆتۆماتیک چالاک بووەتەوە، ڕۆژی ٦ی ڕەزبەر سزا نیونەتەوەییە هەڵپەسێردراوەکان بەپێی بڕیارنامەی ٢٢٣١ی شۆرای ئەمنییەت لە ساڵی ٢٠١٥ی گەڕاندەوە.

لە کاتی گەڕانەوەی سزاکانەوە، بەرپرسانی ئورووپایی بەردەوام داوایان لە تاران کردووە کە دەرفەتی پشکنین بۆ پشکێنەرەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی  وزەی ناوکی لە دامەزراوە ناوکییەکان دابیین بکات.

بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکە لەحاڵێکدا بووە کە ئیسماعیل بەقایی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕێژیم ڕۆژی ١٤ی ڕوزبەر وتی کە ئێران لە ئێستادا بەرنامەیەکی بۆ دانوستان لەسەر بەرنامەی ناوکی نییە.