کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پەیامی ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ کۆنگرەی ٧ی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان

08:20 - 20 رەزبەر 2725

بەڕێز یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان!

ئەندامان و ئامادەبوانی بەڕێزی کۆنگرە!

وێڕای پیرۆزباییمان بە بۆنەی بەستنی کۆنگرەی ٧ی ڕێکخراوەکەتان، بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی کارەکان و دەرئەمجامی دڵخوازتان بۆ بە ئاوات دەخوازین.

ئێوە لە کاتێک‌دا کۆنگرە دەبەستن کە بزووتنەوەی مافخوازانەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێڕای بەردەوامبوونی دەیان ساڵەی خۆی بەرانبەر بە ئەقڵیەتی پاوانخوازی و تەواویەتخوازیی دەسەڵاتە دژیگەلییەکان، لە گەشە و قووڵبوونەوەی هەمەلایەنە دایە.

ئێستا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە هەموو چین و توێژەکانییەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە ئینسانی، دێموکراتیک و نەتەوەییەکانی خۆیان‌دا هەروا لە سەرپێ و لە گۆڕەپانی خەبات دان و بە شێواز و مێتۆدی جۆراوجۆر بزووتنەوەی شوناسخوازانەی کوردستانیان لە فاز و بەستێنی جۆراوجۆری نوێدا پێناسە کردۆتەوە کە بزووتنەوەکانی؛ "ژینا" و "نەورۆزی کوردستان"، لوتکەی ئەم نوێبوونەوەی شۆڕشی کوردستانن.

لەم نێوەدا خوێندکارانی خەباتکار کە بونیەی مەعریفی و زانستی یەکێک لە تایبەتمەندییە هەرەبەرچاوەکانیانە، لەمێژ ساڵە زانکۆکانیان کردۆتە مەتەرێزی پاشەکشەدان بە؛ دیکتاتۆری، کۆنەپەرەستی و حاشاکردن لە "واقعیەتی نەتەوەکانی ئێران".

کۆماری ئیسلامی ئێران کە لەسەر ئەساسی ئەقڵیەت و تێفکرینی "انقلاب فرهنگی" لە "زانکۆ" و "خوێندکار" و "مەعریفە" و "مامۆستا"ی ڕوانی و دەڕوانێ، هەمیشە و بەردەوام هەوڵی سەرکوتی زانکۆ و کپکردنی دەنگی خوێندکاران و دوورخستنەوەی مامۆستایانی دەروەستی داوە و ویستوویەتی ئەم سەنگەرە هەرە گرینگە، لە خەڵکی وڵات بستێنێتەوە. بەڵام خوێندکاران لە سەر ئازایەتی و کۆڵنەدانی خۆیان تا ئێستاش چقڵی چاوی رێژیم و جێی هیوا و هومێدی بەرەی گەلن.

خوێندکارانی کورد لە سەنگەرەی زانکۆوە، وێرای خۆپێگەیاندنیان، بەشێک بوون لە ێیشانگایەتی بۆ بزووتنەوەی نەتەوەیی و شوناسخوازانەی کوردستان. بۆیە جێی خۆیەتی لەم کۆبوونەوە باڵایەدا کە کۆنگرەی یەکێتی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستانە، خوێندنەوەی درووست، بڕیاری دەروەستانە و هەڵبژاردنی دێموکراتیک بێتە ئاراوە.

کۆنگرەکەتان پیرۆز و سەرکەوتوو بێ

 

ناوەندی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان

ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوی