
٣٠ زیندانیی سیاسی بە ئاراستەی جیاواز لە نامەیەکدا لە زینداندا ئاماژەیان بە گیانلەدەستدانی سومەیە ڕەشیدی لە زیندانی قەرچەکی شاری وەرامین کردووە و داوای ناسینەوەی تاوانبارانی ئەو "کوشتنە" و ئازادکردنی بێمەرجی سەرجەم زیندانییانی نەخۆش دەکەن.
ئەم ٣٠ زیندانییە سیاسییە کە نامەکەی خۆیاندا نووسیویانە: هەواڵی کۆچی دوایی سومەیە ڕەشیدی جارێکی دیکە دەیسەلمێنێت کە بەرپرسانی زیندان و دەزگای بەناو دادوەری لە چارەسەرکردنی بارودۆخی زیندانییەکان بە تایبەت ئەوانەی پێویستی تایبەتیان هەیە کەمتەرخەمن و بچووکترین مافی زیندانییەکان پشتگوێ دەخەن.
هەروەها لەو نامەیەدا هاتووە: ناکارامەیی و گرینگینەدان بە سەرەتاییترین بەرپرسیارەتی بەرامبەر بە زیندانییەکان دەبێتە هۆی دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە کارەساتانە.
سومەیە ڕەشیدی، زیندانیی سیاسی تەمەن ٤٢ ساڵ، ڕێکەوتی ٣ی ڕەزبەر، لە نەخۆشخانە گیانی لەدەست دا، ناوبراو تووشی نەخۆشی ''فێ'' بوو و لە مانگی گوڵاندا بە تۆمەتی ''پڕوپاگەندە دژی ڕێژیم'' بەهۆی نووسینی دروشمەوە دەسبەسەر کرابوو. سەرەتا لە زیندانی ئێڤین و پاشان لە زیندانی قەرچەک لە وەرامین زیندانی کرابوو.
بەپێی زانیارییەکان، ڕەشیدی لە ماوەی دەسبەسەرکردنیدا چەند جارێک تووشی فێ گرتن بووە، بەڵام بەرپرسانی زیندانی قەرچەک لە ڕەوانەکردنی دەستبەجێی ناوبراو بۆ ناوەندە پزیشکییەکان خۆیان بواردووە.
ئەم ٣٠ زیندانییە سیاسییە لە نامەکەیاندا داوایان کردووە بە زووترین کات ئەم بابەتانەی خوارەوە چارەسەر بکرێن: "ناساندن و لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەم کوشتنە بە زووترین کات"، "گەڕانەوەی زیندانییانی ژن کە دوای هێرش بۆ سەر زیندانی ئێڤین بۆ زیندانێکی دیکە گواستراونەتەوە"، "ئازادکردنی بێمەرجی هەموو ئەو نەخۆشانەی زیندانەکە کە دۆخی درێژەدان بە چارەسەرکردن و چاکبوونەوەیان لە کاتی خۆیدا نییە"، هەروەها " تەیارکردن و وەگەڕخستنی دەرمانخانەیەک کە توانای چاودێریکردنی زیندانییە نەخۆشەکانی هەبێت".