
فاتمە موهاجرانی وتەبێژی دەوڵەتی ئێران لە چاوپێکەوتنێکی ڕاستەوخۆی تلویزیۆنیدا دانی بەوەدا نا کە هێڵی هەژاری لە ئێران فراوانتر بووە و '' حاشاهەڵنەگرە''.
ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، دەوڵەت هەوڵ دەدات بژێوی ژیانی دەهەکەکانی خوارەوە تێک نەچێت، هەروەها وەزارەتی خۆشگوزەرانی ئەرکی پێ سپێردراوە کە پاڵپشتیی خۆراکی دایکانی دووگیان و منداڵانی خوار تەمەنی پێنج ساڵ بکات.
بەڵام ڕاپۆرتە فەرمییەکان دەریدەخەن کە هەڵاوسانی خۆراک گەیشتووەتە ئاستێک کە تەنانەت ژەمی نانی شەو بۆ زۆر کەس بە قیستی کراوە.
بەپێی داتا فەرمییەکان، تێچووی کەمترین سەبەتەی خۆراک بۆ ماڵێکی شاریی سێ کەسی لە مانگی خەرمانان گەیشتووەتە ١٢ میلیۆن و٢١٠ هەزار تەمەن، لەکاتێکدا کە کەمترین مووچە تەنیا ١٠ میلیۆن و ٣٩٩ هەزار تمەنە.
ماڵپەڕی ''ڕوویداد'' نووسیویەتی: "خەڵک بەمانای ڕاستەقینە بۆ نانی شەو داماون و زۆرێک لە کرێچییەکان دوو بەرابری کەمترین مووچەیان تەنیا بۆ کرێ تەرخان دەکەن.
هەروەها هەڵاوسانی خاڵ بە خاڵ بۆ خۆراک لە مانگی خەرمانان لە ٢٣.٨ لەسەد بۆ ٥٧.٩ لەسەد بەرز بووەتەوە و هەڵاوسان بۆ نان و دانەوێڵەش شەش بەرابەر زیادی کردووە.
لە ئەنجام دا، ئامادەیی خەڵک بۆ کڕینی بە قەرز بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە و پلاتفۆرمەکانی فرۆشتنی قیست لە ساڵی ڕابردوودا بە ڕێژەی ٥٠٠ بۆ ١٠٠٠ لەسەدی گەشەسەندنی هەبووە، ئەمەش نیشانەی قووڵبوونەوەی هەژاری و برسێتییە لە ڕێگەی قیستەوە لە ئێران.