کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

قەیرانی ئابووری لە ئێران و بەفیڕۆدانی سامانی خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست

12:20 - 20 رەزبەر 2725

موجتەبا ئەمانی، باڵوێزی ڕێژیمی ئیسلامی لە لوبنان ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر ڕایگەیاند، کە تاران بۆ پشتیوانی لە لوبنان یارمەتیی ٦٠ ملیۆن دۆلاریی ئەو وڵاتەی کردووە، بەڵام دەوڵەتی لوبنان ئامادە نەبووە ئەو یارمەتییە قەبووڵ بکات.

بەڕێوبەرانی لوبنان هۆکاری ئەم ڕەتکردنەوەیان ڕایانگەیاند کە ئەم هاوکارییە کەوتووەتە ژێر سزای نێودەوڵەتییەوە، ئەمەش پرسێکە کە سنووردارکردنی جیددیی نێودەوڵەتی بۆ سەر ڕێژیم نیشان دەدات.

بەڵام ئەمانی وێڕای ڕەخنەگرتن لە دەوڵەتی لوبنان ڕایگەیاند کە ئەم هاوکارییە دەیتوانی بەشێک لە کێشەکانی خەڵکی لوبنان چارەسەر بکات.

پێشترعەلی لاریجانی بەڕێوبەری ئەنجومەنی شۆرای باڵای ئەمنییەتی ڕێژیم لە سەردانێکیدا بۆ لوبنان ڕایگەیاندبوو کە ئێران لە دوای هێرشەکانی ئیسرائیل ئامادەیە هاوکاری بنیاتنانەوەی وڵات بکات.

ئەم هەنگاوەی ڕێژیم لە کاتێکدایە کە ئابووری ئێران لەگەڵ قەیرانێکی سەختی هەڵاوسان و بێکاری و کەمبوونەوەی توانای کڕین بەرەوڕوو بووەتەوە و بە ملیۆنان هاووڵاتی لە ئێران ناتوانن کەمترین پێداویستییەکانی ڕۆژانەیان دابین بکەن.

خەرجکردنی ملیۆنان دۆلار بۆ وڵاتان و گرووپە نیابەتییەکان، لەکاتێکدایە کە خەڵکی ئێران ڕووبەڕووی هەژاری گەورە دەبنەوە و ئەمە نیشانەی دەستێوەردانی سیاسەتی دەرەوەی ڕێژیمە.