کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

نوێنەری مەجلیسی ڕێژیم: هاوسەرگیری و منداڵبوون دەبێ بەشێک لە پێشینەی کار بێت

17:31 - 20 رەزبەر 2725

ئەمیرحوسێن فەرهەنگی پوور، ئەندامی کۆمیسیۆنی فەرهەنگیی مەجلیسی ڕێژیم داوای کرد ئیمتیازاتی دامەزراندن بەو کەسانە بدرێت کە هاوسەرگیریان کردووە یان منداڵیان هەیە و لەسەر ئەو باوەڕەیە پێکهێنانی خێزان دەبێ بەشێک لە پێشینەی کەسەکان بێت.

ناوبراو دەڵێت دابەزینی ئاستی منداڵبوون لە ئێران بۆ هۆکاری کولتووری و نەبوونی هاندان دەگەڕێتەوە نەک کێشەی ئابووری، لەکاتێکدا شارەزایان قەیرانی ئابووری بە هۆکاری سەرەکی دەزانن کە هاوسەرەکان خۆیان لە منداڵبوون بەدوور بگرن.

هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی لە ساڵانی ڕابردوودا، لەوانەش هاندان و ئاسانکاری بۆ دامەزراندن، تا ئێستا نەیتوانیوە ڕێژەی لە دایکبوون زیاد بکات؛ ڕێکخراوی تۆماری باری کەسێتی ڕایگەیاند کە لە ساڵی ١٤٠٢دا بە بەراورد بە ١٤٠١، ژمارەی منداڵانی لەدایکبوو زیاتر لە ١٧ هەزار کەمی کردووە، هەروەها ژمارەی هاوسەرگیرییەکان بە تێکڕا ساڵانە بە ڕێژەی ٦ لەسەد لە ساڵی ١٣٩٠ـەوە کەمی کردووە.

هێنانەکایەی هاندانەکانی دامەزراندن لەسەر بنەمای ژمارەی منداڵان ناڕەزایەتییەکی بەرفراوانی خوازیارانی تاقیکردنەوەی پەروەردە و ڕاهێنان لێکەوتەوە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سیاسەتەکانی هاندان لە ئێستادا ڕووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە لە ڕووی دادپەروەری و کاراییەوە. ئەمەش تیشک دەخاتە سەر شکستی سیاسەتەکانی ڕیژیم بۆ دانیشتوانی.