
بەپێی هەڵسەندگاندنی حەقدەستی لانیکەمیی کرێکاران لەلایەن شۆرای باڵای کاری ڕێژیمەوە، بنەماڵەیەکی سێ کەسی لە مانگی خەرمانانی ١٤٠٤دا دەبێت لانیکەم ١٢ میلیۆن و ٢١٠ هەزار تمەن بۆ کەمترین پێداویستییە خۆراکییەکان لە مانگێکدا خەرج بکەن ئەوەش دوو میلیۆن تمەن زیاتر لەو ڕێژەیە کە لەلایەن شۆرای باڵای کارەوە دیاری کراوە.
بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "ئێکۆ ئێران"، بە هەڵسەنگاندنی سەوەتەی خۆراکی مانگانەی مانگی خەرمانانی ١٤٠٤، دابینکردنی لانیکەمی بژێو بۆ بنەماڵەی کرێکاران گەیشتووتە سنووری بێتوانایی لە کڕینی کەلوپەلی خۆراکیی پێویستی ڕۆژانە.
كێشەی بژێوی کرێکاران و نادادپەروەری لە دیاریکردنی حەقدەست لەلایەن شۆرای باڵای کاری ڕێژیمەوە لە ئاستێکدایە کە وەزیری تەعاون، کار و خۆشبژێویی کۆمەڵایەتیی ڕێژیم هاتە دەنگ و ڕایگەیاند: "کرێکاران بە لانیکەمی حەقدەستی ئێستایان توانایی دابینکردنی لانیکەمی خۆراکیی ڕۆژانەیان نابێت".
بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، تێچووی سەوەتەی بژێو لە وەرزی هاوینی ١٤٠٤دا بەنیسبەت مانگەکانی پێشووتری ٥.٥ لەسەد هەڵکشانی بە خۆوە بینیوە ئەوە هەڵسەنگاندنەش بەپێی نرخی هەڵاوسانی فەرمیی ڕێژیم کە لەلایەن ناوەندی ئاماری ڕێژیمەوە ڕاگەیەندراوە، دیاری کراوە و ئەوەش لەکاتێکدایە کە نرخی هەڵاوسانی ڕاستەقینە زۆر زیاتر و کارەساتبارتر لە نرخی دیاریکراوی ئەو ناوەندەیە.
هەروەها بە گوێرەی ڕاگەیەندراوی ناوەندی ئاماری کەلوپەلە خۆراکی و دۆخانیاتییەکانی ڕێژیم، ڕێژەی دیاریکراوی حەقدەستی کرێکاران یەک لەسەر چواری تێچووی کرێکاران پێک دێنێت.