
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران بڵاوی کردەوە کە لە بەرەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە ٨ی ڕەزبەرەوە، ١٩ زیندانیی سیاسیی ژن لە زیندانی قەرچەکی وەرامین، بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بەرامبەر بە دۆخی نامرۆڤانەی ئەو زیندانە، مانیان لە خواردن گرتووە.
زیندانییانی مانگرتوو پێشتر لە بەشی ژنانی زیندانی ئێڤین ڕاگیرابوون بەڵام لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئەم زیندانە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیمەوە بە زۆر گوازرانەوە بۆ زیندانی قەرچەک.
بە گوێرەی زانیارییەکان لە کۆی ٦١ زیندانیی ڕاگواستراو، ٥٦ کەسیان ئێستاش لە بەشی دابڕگەی زیندانی قەرچەکدان و تەنانەت دەستیان بە بەشە ئاساییەکانیش ناگات.
مانگرتووەکان بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک ڕایانگەیاند کە سەرەتاییترین داواکارییان گواستنەوەیان بۆ زیندانی ئێڤینە، شوێنێک کە پێشتر تێێدا کەمترین ئیمکانات بۆ تێپەڕاندنی ماوەی سزاکانیان هەبووە. ئەوان هەروەها جەختیان لەسەر ئازادکردنی سەرجەم بەندکراوانی سیاسی کردووەتەوە.
بە گوێرەی ئاماری ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، زیندانییەکان لە بارودۆخێکی زۆر سەختی وەک شوێنی داخراو و بەبێ هەوا گۆڕکێی پێویست ڕاگیراون کە ئەمە کاریگەریی لەسەر تەندروستییان داناوە.