
هاوکات لەگەڵ ١٠ی ئۆکتۆبر، ڕۆژی جیهانیی بەرەنگارەنگاربوونەوە لەگەڵ سزای لەسێدارەدان، ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتێکی گشتیدا ڕایگەیاند کە کۆماری ئیسلامی لە ساڵی٢٠٢٥ی زایینیدا، بە لەسێدارەدانی لانیکەم ١١٠٥ کەس، بەرزترین ئاماری لەسێدارەدانی لە سێ دەیەی ڕابردوودا تۆمار کردووە.
ئەم ڕاپۆرتە دەریخست کە ڕێژیمی ئێران تەنیا لە ماوەی ٩ مانگی سەرەتای ساڵی زایینیدا، زۆرتر لە دوو هێندەی کۆی ئێعدامەکانی ساڵی ڕابردووی ئەنجام داوە و لە ماوەی هاوشێوەی ساڵی ڕابردوودا، ٥٣١ کەس لە ئێران لە سێدارە دراون.
لە کۆی گشتی ١١٠٥ ئێعدامی تۆمارکراودا، تەنیا ٧ لەسەدیان بە شێوەی فەرمی لەلایەن هێزی بەناو دادوەری و میدیاکانی رێژیمەوە ڕاگەیاندراون.
بەپێی ئامارە فەرمییەکان، ٥٤٤ کەس (٤٩ لەسەد) لە ئێعدامییەکان بە تۆمەتی تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان، ٤٨٥ کەس (٤٣ لەسەد) بە تۆمەتی کوشتنی بەئەنقەست و ٢٧کەس(٢ لەسەد) بە تۆمەتی دەستدرێژیی سێکسی لە سێدارە دراون.
جگە لەمانە، ٤٩ کەس بە تۆمەتە ئەمنییەتییەکانی وەکوو"سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" و "هاوکاری لەگەڵ حیزب و لایەنە دژبەرەکانی ڕێژیم" لە سێدارە دراون.
لە نێو ئەو کەسانەی ئێعدام کراون، ٣٠ ژن دەبینرێن کە هەشت کەسیان بە هۆکاری تاوانەکانی پەیوەست بە ماددە هۆشبەرەکان و ٢٢ کەسیان بە تاوانی کوشتنی بەئەنقەست سزا دراون.
هەروەها بەپێی ڕاپۆرتی ئەم ڕێکخراوەیە، ١٢٢ کەسی بەلووچ، ٦٧ کەسی کورد، ٢٠ کەسی عەرەب و ٦٠ هاووڵاتیی ئەفغانستانی لەنێو قوربانییەکاندا ناویان هاتووە و لانیکەم ٧ کەسیش لە بەرچاوی خەڵکەوە لە سێدارە دراون.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا ڕوونی کردووەتەوە کە ئێعدامەکان لە ئێران" بۆ بەڕێوەبردنی عیداڵەت و دادپەروەری نییە" بەڵکوو بە ئامانجی دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ و کۆنتڕۆلی کۆمەڵگە" بەڕێوە دەچێت.
مەحموود ئەمیری موقەددەم، بەرپرسی ئەم ڕێکخراوەیە، لە بەیاننامەیەکدا وتی لە ڕۆژی جیهانی دژی لەسێدارەداندا، ئێران تاریکترین قۆناغەکانی خۆی تێپەڕ دەکات. ئێعدامەکان بە شێوەی ڕۆژانە بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لە کۆمەڵگەدا بەردەوامن بەڵام بزووتنەوەی دژ بە سزای لەسێدارەدان لە ئێران لە بەرەی پێشەوە ئەم شەڕەدایە".
ناوبراو داوا لە ڕێکخراوە مافی مرۆڤییەکان، وڵاتە ئورووپاییەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات کە بە پشتیوانی لە کەمپەینی نا بۆ لەسێدارەدان دەنگی ناڕەزایەتیی خۆیان لە دژی سیاسەتی مەرگ لە ئێران بەرز بکەنەوە.