
ڕۆژنامەی واشنگتۆن پۆست لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای کردووە، هاوکاریی ئەمنییەتی و نیزامیی ئیسرائیل لەگەڵ شەش وڵاتی عەرەبی لەوانە بەحرەین، میسر، ئوردۆن، قەتەر، عەرەبستان و ئیمارات لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا تەنانەت پێش دەستپێکردنی شەڕی غەززە بەردەوام بووە.
بەپێی بەڵگەنامە نهێنییەکانی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، ئەم هاوکارییە بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکام) و لە چوارچێوەی پلانێک بە ناوی "مێکانیزمی ئەمنییەتی ناوچەیی" ئەنجام دەدرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە بریتییە لە کۆنتڕۆڵکردنی ئێران و گرووپە هاوپەیمانەکانی و لەنێویاندا حیزبوڵڵا.
لەم چوارچێوەیەدا بەرپرسانی نیزامیی عەرەبی و ئیسرائیل بەشداریی کۆبوونەوە نهێنییەکانیان کردووە و لەسەر ئاڵوگۆڕی زانیاریی ئەمنییەتی و مانۆڕی سنووردار و هاوبەشکردنی داتای ڕادار و پرۆژەی سایبێری ڕێک کەوتوون.
سەرەڕای مەحکوومکردنی فەرمیی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لەلایەن دەوڵەتانی عەرەبیەوە، ئەم بەڵگەنامانە نیشان دەدەن کە کاناڵەکانی پەیوەندی نێوان تێلاڤیڤ و پێتتەختە عەرەبییەکان چالاکن.
بەپێی سەرچاوە ئەمریکاییەکان، ئەم هاوکارییانە بەشێکن لە "نەزمی نوێی ئەمنییەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" کە ئامانج لێی دروستکردنی دیوارێکی ئەمنییەتی نافەرمی لە دژی میحوەری ئێران و هاوپەیمانەکانییەتی، هەرچەندە ڕەخنەگرانی عەرەب دەڵێن ئەم پرۆسەیە ڕەوایی ئیسرائیل لە نێوان قەیرانی غەززەدا بەهێزتر دەکات.