کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

چوونەسەرەوەی ڕێژەی توندوتیژیی بەرانبەر ژنان لەژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا

17:45 - 20 رەزبەر 2725

لە دوای چوونەسەرەوەی ڕێژەی حاڵەتەکانی توندوتیژی بەرانبەر ژنان و نەبوونی سەرپەنایەکی ئەمن بۆ پاراستنی ئەمنییەتی گیانی و ڕەوانییان، چیتر خانووە ئەمنەکانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی ئێران شوێنێک بۆ ئارامی و مانەوەی ژنانی بێدەرەتان نییە.

ڕۆژنامەی "شەرق" لە دووتوێی بابەتێکدا ئاماژەی بەوە داوە سەرەڕای خەمساردیی ناوەندە پێوەندیدارەکان و پەرەپێدانی توندوتیژیی دژی ژنان لەلایەن ڕێژیمی تارانەوە بە شێوەی سیستماتیک، خانووە ئەمنەکانی ژێردەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی کە وەک سەرپەنایەک بۆ پەنادانی ژنانی بێدەرەتان تەرخان کراون، لەژێر گوشارە ماڵی و ئەمنییەتییەکانی ناوەندە سەرکوتکەرەکانی ڕێژیمدا، مەترسیی داخرانیان لەسەرە.

ئەو ڕۆژنامەیە لە زاری ژنێکی قوربانیی توندوتیژی کە لەو خانووە ئەمنانەدا دەژیت نووسیویەتی: "بەهۆی توندوتیژیی لەڕادەبەدەر و ئەشکەنجە و ئازاری زۆرەوە پەنام هێناوەتە ئەم خانووە ئەمنە و لێرەش لەگەڵ بێدەنگی، نەداری و هەڕەشەی ناوەندەکانی ڕێژیم بەرەوڕووین".

بەپێی بەدواداچوونی ماڵپەڕ و هەواڵدەرییەکان، لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا، ٤٥ هەتا ٦٢ ژن بە دەستی مێردەکانیان کوژراون.

شایانی باسە تەنیا لە ١٥ ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەزبەری ئەمساڵدا، ١٠ ژن کوژراون.

سەرەڕای بوونی ئاماری بەرچاوی ژنکوژی بە پاساوی نامووسی لەژێر دەسەڵاتی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیدا، ئامارێکی فەرمی لە ڕێژەی ڕاستەقینەی ژنکوژی و بڵاوکردنەوەی ئاماری دروست لەبەر دەستدا نییە.

ژنان لە ئێراندا قوربانیی سەرەکیی ئیدۆلۆژیی ئایینیی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامین و  سەرەڕای ڕێژەی بەرچاوی ئاماری ژنکوژی و توندوتیژیی بەرانبەریان، سەرپەنا و ناوەندێک کە بتوانێت لە بارودۆخی هەستیاردا پاڵپشت و پشتیوانیان بێت و لە بەرانبەر ماف و داخوازییەکاندا وڵامدەر بێت، بوونی نییە.