کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

دەسبەسەرکردنی هاوڵاتییەکی کورد دوای بانگکردنی لەلایەن ئیتلاعاتەوە

17:46 - 20 رەزبەر 2725

هێزە سەرکوتکەرەکانی ئیتلاعاتی مەهاباد، دوای بانگکردنی هاوڵاتییەکی کورد هەوڵی دەسبەسەرکردنی سەرەرۆیانەیانەی ناوبراویان داوە.

بە پێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی کوردپا، ڕۆژی شەممە ١٩ی ڕەزبەر، هاوڵاتییەکی بە ناوی ئەفشین ئیبراهیمی، ٢٧ساڵە و خەڵکی مەهاباد، دوای بانگکردنی لەلایەن ئیتلاعاتی ڕێژیمەوە دەسبەسەر کرا.

لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە ئەم هاوڵاتییە لە ڕێگەی پێوەندی تلفۆنییەوە بانگی ئیتلاعات کراوە و دوای دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیار گواستراوەتەوە.

کوردپا لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە ڕایگەیاندووە کە دوای ئەوەی هێزە ئەمنییەکانی ڕێژیم وێرای دەستداگرتن بەسەر تلفۆنەکەی ناوبراودا، دەستیان بەسەر ئەکاونتەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیشدا گرتووە.

جێگەی ئاماژەیە کە تا ئێستاش هۆکارەکانی گرتن، تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، شوێنی ڕاگیران و چارەنووسی ئەم هاوڵاتییە ناڕوونە.