کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی یەکێک لە دارێژەرەکانی پێکهاتەی سەرکوت دژ بە دۆخی نالەباری زیندانەکانی ڕێژیم

17:48 - 20 رەزبەر 2725

مێهدی کەڕووبی، یەکێک لە مۆرە دێرینەکانی کۆماری ئیسلامی کە دوای ناڕەزایەتییەکانی ساڵی ١٣٨٨ لە دەسەڵات دوور خرایەوە، لە دیدارێکدا لەگەڵ کۆمەڵێک چالاکی سیاسی ڕەخنەی لە دۆخی زیندانەکانی ئێران گرت و بارودۆخی ئێستای بە "شەرمەزارکەر" ناو برد.

ڕۆژی شەممە ٩ی خەزەڵوەر، مێهدی کەڕووبی بە ئاماژەدان بەو ڕاپۆرتانەی لە زیندانی ژنانی قەرچەکەوە بڵاو کراونەتەوە، وتی: ''بەندکراو ئەمانەتە و حکوومەت لە پاراستنی ژیان و تەندروستی بەرپرسیارە، بەڵام بەداخەوە هەواڵی زۆر تاڵ لە زیندانەکانی تاران و ئەو شارانەی کە کەمترین پێوەرەکانی مرۆیی و ئەخلاقی تێدا ڕەچاو ناکرێ، دێت.''

ناوبراو ئاماژەی بەوەش کرد، پێویستە دەسەڵاتی دادوەری بزانێت کە ناتوانێت بە دەرکردنی سزای قورس و دەسبەسەریی سەرەڕۆیانە دەنگی خۆپیشاندەران بێدەنگ بکات.

کەڕووبی داوای لە کاربەدەستانی ڕێژیم کرد کە ڕەوتی دەسبەسەرکردنی سەڕەڕۆیانە ڕابگرن و لەبری زیندانیکردن سزای بەدیل بەکار بهێنن.

کەڕووبی کە خۆی بۆ ساڵانێک سەرۆکایەتیی دامودەزگاکانی ڕێژیمی دەکرد، لەوانە سەرۆکی مەجلیس و بونیادی شەهید، ئێستا بووەتە ڕەخنەگرێک لەو پێکهاتەی دەسەڵاتە کە سەردەمانێک خۆی بەشێک لەو بووە.

جەختیشی لەوە کردەوە کە وەرگرتنی دانپێدانان لەژێر گوشار و ئەشکەنجەدا هیچ بەهایەکی یاسایی نییە، ئیسلام نامۆیە بەو جۆرە ڕەفتارانە و هیچ حکوومەتێک ناتوانێت بە زەبری هێز و فێڵکردن بژی.

ئەم لێدوانانەی کەڕووبی لەکاتێکدایە کە خۆی لە دەیەکانی یەکەمی نیزامی ئیسلامیدا یەکێک لە داڕێژەرانی پێکهاتەی سەرکوت بووە و ئەم گۆڕانکارییە لە هەڵوێستدا زیاتر ڕەنگدانەوەی شکستی لایەنێک لە ناو ڕێژیمدایە نەک نیشانەی ئاڵوگۆڕی سیاسی.