
گرووپی ئۆرکێسترای مەریوان بە سەرپەرەستیی "ئازاد ئەحمەدی" و چەند مامۆستایەکی دیکە لە هەوڵەکانانی بۆ پەرەپێدان بە گۆرانیی کوردی و ڕەسەنایەتیی ئاواز و فولکلۆری کوردی بەردەوامن.
گرووپی ئۆرکێسترای مەریوان ماوەی شەش ساڵە دامەزراوە و لەو ماوە زەمەنییەدا توانیویەتی لە بواری گەشەپێدان، زیندووکردنەوە، پەرەپێدانی ئاواز و گۆرانیی کوردیدا سەرکەتنێکی گەورە بەدەست بێنێت و سەرنجی خەڵکی هونەرمەند و خاوەن هەست بۆ لای خۆی ڕابکێشێت.
لەو گرووپە ئۆرکێسترایەدا، بە هەوڵ و ماندووبوونی مامۆستایان دەیان لاوی بەهرەمەند و بەتوانا توانیویانە بە کەڵکوەرگرتن لە ئەزموون و بەهرەی مامۆستایانی خۆیان لە بواری فێربوون و ژەنینی ئامێرە مۆسیقاییەکان، هونەر و ئاوازی کوردی خۆیان پێبگەیەنن و لەپێناو خزمەت بە فولکلۆری کوردیدا ڕۆڵی بەرچاو بگێڕن.
ئەو گرووپە لە ماوەی شەش ساڵ تێکۆشانی هونەریی خۆیدا، دەیان ئاواز و گۆرانیی ڕەسەنی کوردیی زیندوو کردووەتەوە و خزمەتێکی زۆریان لەو بوارەدا بە گەورە هونەرمەندانی کوردستان لەوانەش مامۆستا حەسەن زیرەک و محەممەدی ماملێ کردووە.
هەروەها دوو هونەرمەندی لاوی مەریوانی بە ناوەکانی "ئیدریس دلێری" و "زانا عیلمزادە" بە هاوکاریی ئەو گرووپە چەندین کۆنسێرتیان لە شاری مەریوان و سنە، سەقز بەڕێوە بردووە.
شایانی باسە گرووپی ئۆرکێسترای مەریوان بەبێ هیچ پشتیوانییەکی ماڵی لەلایەن ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیمەوە و تەنیا لەسەر تێچوو و پشتبەستن بە توانای خۆیان و یارمەتیی هونەردۆستانەوە ئەرکی پەرەپێدانی فۆلکلۆری کوردەوارییان گرتووەتە ئەستۆ.
ئەو گرووپە بە هاوکاریی گرووپی هەڵپەڕکێی "١٢سوارەی مەریوان" هەتا ئێستا توانیویانە جوانیی هەڵپەڕکێ و گۆرانیی ڕەسەنی کوردی نیشان بدەن.
جێگای سەرنجە ئەندامانی ئەو گرووپە بە کەڵکوەرگرتن لە ئامێرە مۆسیقییە نوێیەکان و تێکەڵکردنی لەگەڵ گۆرانیی کلاسیکی کوردستان بەرگێکی نوێی بە هونەری مۆسیقای کوردەواری بەخشیوە و لەو ڕێگەیەوە سەرنجی خەڵکی هونەرخۆشەویستی کوردستانیان بۆ لای خۆیان ڕاکێشاوە و هەستی خەڵکیان بزواندووە.