
فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسدارانی ڕێژیم سەرەڕای شانازیکردن بە هەناردەکردنی مووشەک و پەهباد و پەرەپێدان بە شەڕەنگێزییەکانیان لە ناوچەکە و جیهان، باسی لەوە کردووە کە "ترسی وڵاتانی ڕۆژاوایی لە ئێران بەنیسبەت بەرنامەی ناوکییەوە نییە بەڵکوو ترسی سەرەکییان لە بەرەپێشچوونمان لە بواری زانستەوەیە".
عەلیڕەزا تەنگسیری، فەرماندەی هێزی دەریایی سپای پاسداران لە لێدوانێکیدا وتوویەتی: "ئێمە شانازی بەوە دەکەین یەكێک لەو وڵاتانەین کە دەتوانین پەهپاد و مووشەک هەناردە بکەین و زانستی چەکوچۆڵ بنێرینە دەرەوەی وڵات".
هەر لەو پێوەندییەدا لە ماوەی چەند حەفتەی ڕابردوودا کاربەدەستانی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەنیسبەت هەر جۆرە هەڕەشە و هێرشێکی ئیسرائیل و ئەمریکا لە چەشنی شەڕی ١٢ ڕۆژە هۆشدارییان داوە.
ئەم قسانەی تەنگسیری لەکاتێکدان کە بابەتی سەرەکی بۆ وەگەڕخستنەوەی گەمارۆکان، پێبەندنەبوونی ئەو ڕێژیمە بە پرسی چەکوچۆڵ و بەتایبەتیش پرسی ناوکییە.
ڕێژیم لە ساڵانی ڕابردوودا، بە شێوەی بەردەوام لە ناردنی چەکوچۆڵ بۆ هێزە نیابەتییەکانی بەردەوام بووە و بەم شێوەیە ناسەقامگیریی لە ناوچەکەدا پەرە پێ داوە.
بەهۆی ڕوانگەی شەڕەنگێزانە و ناسەقامگیرکەرەکانی ڕێژیم لە ناوچەکە و پشتیوانی لە گرووپە تێرۆریستییەکان وەکوو حوسییەکان، حیزبوڵڵا و حەماس، ڕۆژهەڵاتی ناڤین چەندین دەیەیە لەگەڵ شەڕ و نائارامیدا بەرەوڕوویە و دۆخی سەقامگیریی بەخۆوە نەبینیوە.