
ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ١٤٠٤، دەستەی بەڕێوەبەریی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، دووهەمین کۆبوونەوەی خۆی بە دیاریکردنی جێگری سکرتێر و هەیئەتی ئیجرایی، بەڕێوە برد.
بەڕێز هەردی سەلیمی، سکرتێری نوێی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وێڕای پیرۆزبایی سەرکەوتووانەی کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتییەکە و هیواخواستن بۆ ئەوەی کۆنگرەی خوێندکارانی شوناسپارێز بتوانێ گڕوتینێکی نوێ بە خەباتی توێژی خوێندکاری کورد ببەخشێت، باسێکی لەسەر گرینگیی چالاکی و یەکڕیزیی ڕێکخراوەیی کرد.
سەلیمی لە درێژەدا لەسەر پێویستیی هەبوونی چالاکانە لەنێو کۆڕ و کۆمەڵە خوێندکارییەکاندا جەختی کردەوە و پاشان چەند پلان و پڕۆژەیەکی لە پێوەندی لەگەڵ پرسی خوێندکاری کورد لە سەرانسەری جیهان و بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران پێشنیار کرد و هەروەها باسی لەوە کرد کە لە قۆناغی ئێستای خەباتدا پێویستە بە ڕێکخستن و دابەشکارییەکی نوێ، وزەیەکی زیاتر بە تێکۆشانی ڕێکخراوەکە ببەخشرێت.
هەڵبژاردن و دیاریکردنی بەشە سەرەکییەکانی یەکیەتیی خوێندکاران و دابەشکردنی ئەرکەکان بە سەر ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی نوێ، یەکێکی دیکە لە بەشەکانی کۆبوونەوەی دووهەمی رێکخراوەکە بوو.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە، بە زۆرینەی دەنگی ئەندامانی سەرەکیی بەرێوەبەری، هاوڕێ پێدرام سلێمانی، وەک جێگری سکرتێری یەکیەتیی خوێندکاران هەڵبژێردرا.
ڕۆژی هەینی ١٨ی ڕەزبەر، حەوتەمین کۆنگرەی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستان لەژێر ناوی کۆنگرەی خوێندکارانی شوناسپارێز و بە دروشمی “زانکۆ، سەنگەری هەڵوێست و هۆشیاریی نەتەوەیی”، سەرکەوتووانە کۆتایی بە کارەکانی خۆی هێنابوو.