کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیس: گەشەی ئابووریی ئێران لە نیوەی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا نەرێنی بوو

11:34 - 21 رەزبەر 2725

ناوەندی لێکۆڵینەوەی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاند کە گەشەی ئابووریی ئێران لە نیوەی یەکەمی ئەمساڵدا "مەنفی ٣/. لەسەد" بووە، کە ئەمە بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو دابەزینێکی بەرچاوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئەو ناوەندە کە ڕۆژی یەکشەممە ٢٠ی خەرمانان لە میدیاکانی ئێراندا ڕەنگدانەوەی هەبووە، ناوەندی ئاماری ئێران گەشەی ئابووری وڵاتی ساڵی ڕابردووی بە ڕێژەی ٣.١ لەسەد حیساب کردووە کە ئەمەش دوورە لەو گەشەسەندنەی کە لە پلانی حەوتەمی گەشەپێدان ٨ لەسەد پێشبینی کراوە.

ئەو ناوەندە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە زۆربەی گەشەی ئابووریی ساڵی ڕابردوو بەهۆی گەشەی ٦ لەسەدیی کەرتی نەوت و زیادبوونی هەناردەکردنی نەوت بووە.

ناوەندی ئاماری ئێران پێشتر گەشەی ئابووری لە سێ مانگی یەکەمی ساڵی ١٤٠٤دا بە ڕێژەی مەنفی ٠.١ لەسەد ڕاگەیاندبوو.

ناوەندی توێژینەوەی مەجلیس لە ڕاپۆرتەکەیدا "ناهاوسەنگیی وزە، سزاکان، دەرچوونی سەرمایە، هەڵاوسانی بەرز و نرخی فەرمانەکان"ی وەک هۆکارێک هێناوەتەوە کە لە دابەزینی بەرچاوی گەشەی ئابووری کاریگەرییان هەبووە.

لە لایەکی دیکەوە، چالاککردنی مێکانیزمی ماشە لە ڕێککەوتننامەی بەرجام لەلایەن سێ وڵاتی ئورووپاییەوە بووە هۆی گەڕانەوەی گەمارۆکانی شۆرای ئەمنییەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران لە ٦ی ڕەزبەر کە ئەمەش دەتوانێت ئاسۆی ئابووریی ئێران لە نیوەی دووەمی ئەمساڵدا زیاتر تاریک بکات.