کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی ئێم ئای ٥ی بریتانیا لەبارەی پەرەسەندنی هەوڵە سیخوڕییەکانی چین، ڕووسیە و ڕێژیمی ئێران

11:04 - 22 رەزبەر 2725

ڕێکخراوی زانیاریی نێوخۆیی بریتانیا ناسراو بە "ئێم ئای ٥" لە هۆشدارییەکی گشتیدا ڕایگەیاند سیخوڕەکانی چین و ڕووسیە و ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، نوێنەرانی پارلەمانی بریتانیایان کردووەتە ئامانج هەتا لەو ڕێگەیەوە دێمۆکراسیی بریتانیا بکەنە ئامانج و لاوازی بکەن.

ئەو ڕێكخراوە بریتانیاییە هۆشداریی بە بەرپرسانی باڵا و کارناسانی ناوەندە هەستیارەکانی وڵاتەکەی دا هەتا ئاگاداری هەڵسوکەوتی گوماناویی کەسانی دەوروبەریان بن کە پێدەچێت سیخوڕی هەرکام لەو وڵاتانە بن و  لە ڕێگەی جۆراوجۆرە هەوڵی دزەکردن و  سیخوڕیکردن دەدەن و لە ئاکامدا بەرپرسان و نوێنەرانی پارلەمانی ئەو وڵاتە لەو کارە تێوەدەگلێنن.

کێن مەک کالۆم، بەڕێوەبەری گشتیی ئێم ئای ٥ لەوبارەوە ڕایگەیاندووە کە کاتێک دەوڵەتە دەرەکییەکان زانیارییە هەستیارەکانی بریتانیا دەدزن یان هەوڵی دەستێوەردان لە ڕەوتی دێموکراسیی وڵاتی ئێمە دەدەن، ئامانجیان تەنیا ئەمنییەتی کورتمەودا و هەڕەشەیەکی ئاسایی نییە بەڵکوو هەموو هەوڵێکیان بۆ لاوازکردنی بنەڕەتیی دەسەڵات و سەروەریی ئێمەیە".

پێشتریش ڕۆژنامەی "ئێکسپرێسـ"ـی بریتانیایی لە ڕاپۆرتێکدا باسی لە هەوڵەکانی سپای پاسداران بۆ دروستکردنی تۆڕی سیخوڕی لەو وڵاتە لە ڕێگەی ئانلاین و ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکانەوە کردبوو.

ئیکسپرێس ڕۆژی هەینی ١٤ی خەرمانان، لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردبوو کە سپای پاسداران بە کەڵکوەرگرتن لە ڕایەڵە کۆمەڵایەتییەکان هەوڵی داوە هاووڵاتییانی بریتانیایی بەرەو کاری سیخوڕی ڕابکشێت و لە "شانە نووستوو" و تاکـەکاندا ڕێکیان بخات.

دەوڵەتی بریتانیا چەندین جار پێداگریی لەسەر ئەوە کردبووەوە کە ڕێژیمی ئێران لە کاتی خۆپیشاندانەکانی بزووتنەوەی ژینادا لانیکەم ٢٠ گەڵاڵەی تێرۆر و ڕفاندنی لە بریتانیا بەڕێوە بردووە.

ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی لە مێژووی دەسەڵاتداریی خۆیدا، هەوڵی داوە لە هەموو وڵاتانی جیهاندا تۆڕی سیخوڕی بە مەبەستی هەوڵی تێرۆریستی، ڕفاندن، هەڕەشە و دزەکردن دابمەزرێنێت و لەوبارەوە بە یەکێک لە بەدناوترین و بێزراوترین وڵاتانی جیهان بە ئەژمار دێت.