کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

وەزرشوانانی میوان لە سنە شوێنی خەویان نییە

11:22 - 22 رەزبەر 2725

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لە سنە، لەو پارێزگایە و شاری سنە بەتایبەت شوێنێکی تایبەت بە حەوانەوە و خەو بۆ وەرزشوانانی میوان نییە و ئەوەش کەمایەسییەکی گەورە بۆ بواری وەرزشی و ڕاهێنانی وەرزشوانانە.

هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لەو ڕاپۆرتەدا و لە زاری بەرپرسێکی بواری وەرزشی لە شاری سنە بڵاوی کردووەتەوە کە "لە هەر کێبڕکێیەکی گەورەدا پێویستە لە ئاستی گەورەیی وەزشەکەدا ئێمکاناتی پێویست لەوانەش شوێنی خەو و مانەوە دابین بکرێت".

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها باسی لەوە کردووە کە جامی نێونەتەوەیی "تەختی" کە بڕیار بوو لە سنە بەڕێوە بچێت بەهۆی نەبوونی هۆڵی تایبەت، ساڵۆن و شوێنی مانەوە و حەوانەوە و ئیمکاناتی پێویست هەڵوەشێندراوەتەوە.

ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژەی بەوە داوە کە نەک هەر ئەو کەمایەسییانە هۆکاری هەڵوەشانەوەی چەندین کێبڕکێی گەورەی جیهانی بوون، بەڵکوو زۆربەی وەزرشوانانی دیکە لە هاتنیان بۆ سنە خۆ دەبوێرن و ئەوەش پارێزگای سنەی لە بواری وەرزشییەوە بەرەو دواتر بردووە.

هەروەها بەرپرسی ئیدارەی وەرزش و لاوانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە باسی لەوە کردووە گەڵاڵەی دروستکردنی خەوتنگەی تایبەت بە وەرزشوانان لەبەر دەستدایە بەڵام بوودجەی پێویست بۆ دروستکردنی تەرخان نەکراوە.

نەبوونی کەلوپەلی پێویست و هەڵاواردنی هەمەلایەنەی ناوەندە پێوەندیدارەکانی ڕێژیم لە پارێزگای سنە لە ئاستێکدایە کە تەنانەت هەواڵدەریی دەنگوڕەنگی ڕێژیم لەو ڕاپۆرتەیدا وتوویەتی: "دروستکردنی خەوتنگەیەک بۆ وەرزشوانان چەند دەیەیە تەنیا لەسەر تێنووس ماوەتەوە و هیچ هەنگاوێکی کردەیی لەو بوارەوە هەڵ نەگیراوە و هیچ گرنگییەک بە بواری وەرزشیی پارێزگای سنە نادرێت".