کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕەخنەی توندی ڕۆژنامەیەکی ڕێژیم لە شەڕ دژی ئیسرائیل

11:46 - 22 رەزبەر 2725

ڕۆژنامەی کۆماری ئیسلامی، لە میدیاکانی سەر بە ڕێژیم، لە سەردێڕی بابەتی ڕۆژی یەکشەممە خۆیدا بە شیوەیەکی کەموێنە هێرشی حەوتی ئۆکتۆبری بە هەڵەیەکی زییانبار وەسف کردووە و دانی بەوەدا ناوە کە ئەم کارە، ئاسەواری وێرانکەری بۆ خەڵکی غەززە هەبووە.

لەم یادداشتەدا بە ناونیشانی "کۆتایی شەڕی غەززە و پرسیار لە براوەی کۆتایی"، هاتووە کە شەڕێک کە بە نێوی تۆفانی ئەقسا دەستی پێ کرد، نەک تەنیا بۆ حماس بەڵکوو بۆ لوبنان، سووریە، یەمەن و تەنانەت ئێرانیش، زییانێکی زۆری هەبووە.

ئەم هەڵوێستە دژایەتیی ڕوونی لەگەڵ ڕێکلامە فەرمییەکانی ڕێژیمدا هەیە کە لە درێژەی دوو سالی ڕابڕدوودا، ئەم هێرشەی بە ''هێرشێکی مێژوویی بۆ سەر سەهیۆنیزم'' ناو دەبرد.

ڕۆژنامەی "جمهووری ئیسلامی" لە دریژەدا بە ئاماژە بە لەنێوچوونی ٨٠ لەسەدیی غەززە و کوشتنی دەیان هەزار خەڵکی مەدەنی، ئەم کارەساتەی بە وێرانکارییەکی گەورە ناو بردووە و بەم شێوەیە سیاسەتە ناوچەییەکانی ڕێژیمی خستووتە بەر ڕەخنەوە.

ئەم بابەتە ئاماژەی بە کشانەوەی ئارامی سووریە لە شەڕی دژی ئیسرائیل و زیادبوونی  دەستڕۆیشتوویی ئامریکا و ئیسرائیل لە لوبنان کردووە کە ئاکامی شەڕەکە، لاوازکردنی میحوەرەکانی سەر بە تاران بووە.

لەکاتێکدا کە کاربەدەستانی ڕێژیم باس لە سەرکەوتن و خۆڕاگری لە شەڕی غەززە دەکەن، بڵاوبوونەوەی بابەتێکی ئاوا نیشاندەری ئەوەیە کە تەنانەت میدیاکانیش ناتوانن شکستی پرۆژە نیابەتییەکانی ڕێژیم بشارنەوە.