
ڕۆژی چوارشەممە ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠٤، حاجی سمایل محەممەدی خەڵکی ئاوایی کانیکووزەڵە سەر بە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان، بە هۆی بەساڵاچووییەوە لە تەمەنی ٩٠ ساڵیدا، کۆچی دوایی کرد.
ناوبراو ئەندامێکی دێرین، دڵسۆز و بەئەمەگی نیشتمان و حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران و هاوکات مرۆڤێکی خۆشناوی ناوچەکە بووە.
ماڵەکەی لە کاتی حزووری تیمەکانی کۆمیتە شارستانی بۆکان لە ناوچە، هەموو کات شوێنی حەسانەوەی کادر و پێشمەرگەکان بووە.
لە ساڵی ١٣٧٤ی هەتاوی کاتێک تیمێکی هێزی بەیان هاتبووە قووڵایی ناوچە، دوای گەڕانەوەیان، حاجی سمایل بۆ ماوەی چەند مانگ لەلایەن ئیتلاعاتی بۆکان و میاندواو دەسبەسەر کرا و کەوتە بەر ئازار و ئەشکەنجەی ئیتلاعاتی ڕێژیم.
حاجی سمایل تا دوایین ساتەکانی ژیانی وەک ئەندامێکی دڵسۆزی حیزبەکەی وەفادار بە ڕێباز و ئامانجی شەهیدان مایەوە .
ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.