کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

تۆمارکردنی ٢٢٧ حاڵەتی ئاگرتێبەردان لە ژینگە و لێڕەوارەکانی شاری مەریوان لە شەش مانگدا

16:10 - 22 رەزبەر 2725

بەپێی ئاماری لێژنەی ئاماری ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان، لە سەرەتای ساڵی ١٤٠٤ـەوە هەتا ٣١ی خەرمانان، ٢٢٧ حاڵەتی ئاگرکەوتنە و ئاگرتێبەردانی لێڕەوار و ژینگەی مەریوان و ناوچەکانی سەوڵاوا، کەڵاتەرزان، سەرشیو، ژاوەرۆ، کۆماسی، خاومیراوا، بەرپلەی ساڵاڵ و جانەوەرە تۆمار کراون و ڕووبەرێکی زۆری ژینگەی بەپیتی شاری مەریوان و ناوچەکانی دەوروبەری لەنێو ئاگری ناحەزان و نەیاراندا لەنێو چووە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاماریی ئەنجومەنی سەوزی چیا، وێڕای ئاماژەدان بە ڕێکەوتی ورد، ناوی ناوچەکە و شوێن لەو ٢٢٧ حاڵەتە ئاگرتێبەردانانەدا، بە هەوڵ و ماندووبوونی ئەندامانی ئەنجومەن و خەڵکی نیشتماندۆست و  ژینگەپارێزی مەریوان و ناوچە جۆراوجۆرەکانیەوە کوژاونەتەوە.

پێشتریش چەندین جار ئەنجومەنی سەوز چیای مەریوان لە دووتوێی ڕاگەیەندراودا ئاماژەی بەوە دابوو کە "دیاردەی کاولکاریی دارستانەکانی زاگرۆس چەند ساڵە پەرەی سەندووە و بەداخەوە ڕۆژانە دارستانەکانی گوند و ناوچە جیاوازەکانی کوردستان بە شێوازگەلی جۆراوجۆر لەنێو دەبردرێن و سامانی سروشتی و گشتیی خەڵکی کوردستان لەلایەن تاقمێک لە کەسانی دژەژینگەوە بە تاڵان دەبردرێ".

هەروەها لەو ڕاگەیەندراوەی ئەنجومەنی سەوز چیادا هاتبوو کە: ''کاولکەرانی نیشتمان دەستیان داوەتە قڕکردنی تەواوی دارستانە چڕ و جوانەکان و ڕۆژانە بە مشاری کارەبایی ڕووبەرێکی زۆری ئەو دارستانانە وێران دەکەن و لەهەمبەر ئەم کاولکارییە یاسا، دەسەڵات و خەڵک بێدەنگیان ڕاگرتووە".