کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان

17:11 - 22 رەزبەر 2725

کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان سەڕەرای مانگرتن لە خواردنی حەفتانەیان لە نەوەدەمین حەفتەی چالاکییاندا، لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕێژیمی تاران تەنیا لە ماوەی ٢٠ ڕۆژی سەرەتای مانگی ڕەزبەردا، ١٦٢ بەندکراوی لە سێدارە داوە.

لە بەیاننامەی ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەری کەمپەینی سێشەممەکانی نا بۆ لەسێدارەدان، نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە ئاماژەیان بەوە داوە کە ڕۆژی ١٢ی ڕەزبەری ١٤٠٤، حەوت بەندکراوی سیاسی لە بەندیخانەکانی سپیداری ئەهواز و قزڵحەساری کەرەج سزای لەسێدارەدانیان جێبەجێ کراوە.

لە بەشێکی ئەو بەیاننامەیەدا داوا لە هاووڵاتییانی ئازادیخواز و بوێر کراوە کە لە کەمپەینی بەربڵاوی ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی دژی سزای سێدارە بەشداری بکەن و هاواری بەرزی دژایەتییان دژی ئەو سزا سەدەنێوەڕاستییەی کۆماری ئیسلامی بدەنە گوێی هەموو جیهان.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە گوشاری زۆر و دۆخی نامرۆڤانە لە بەندیخانەکانی ئێران درێژەی هەیە و ئێمە شایەتحاڵی ڕاگواستنی ژنانی بەندکراوی سیاسی و عەقیدەتی لە بەندیخانەی قەرچەکەوە بۆ ئێڤێن بووین و لە ئێستاشدا ئەو بەندکراوانە لەم وەرزی سەرمایەدا لە بوونی کەرەستەی گەرمکەرەوە بێبەری کراون.

نووسەرانی ئەو بەیاننامەیە لە بڕگەیەکی دیکەدا داوایان لە بەندکراوانی بەندیخانەی قزڵحەسار کردووە کە بەنیسبەت لەسێدارەدانی هاوبەندییەکانیان بێدەنگ نەبن و دژایەتیی تەواوی خۆیان لەو بوارەوە دەرببڕن.