
لە کاتێکدا کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی وادەی چراەسەرکردنی قەیرانی وزە لە ئێرانیان دابوو، یەکێک لە ئەندامانی کۆمیسیۆنی مەجلیسی ڕێژیم، باسی لە دووبارەبوونەوەی بەربڵاوی کوژاندنەوەکان لە وەرزی زستاندا کرد.
فەرهاد شەهرەکی، ئەندامی دەستەی بەڕێوبەرایەتیی کۆمیسیۆنی وزەی مەجلیسی ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە ٢١ی ڕەزبەر ڕایگەیاند: "سەرەڕای دووهێندەکردنی پاشەکەوتی نەوت و گاز بە بەراورد لەگەڵ ساڵی ڕابردوو، بە هۆی سنوورداربوون لە کارپێکردنی نەوتی کوورە و پێویستیی پاراستنی گاز لە ماڵەکاندا، لە مانگی بەفرانباردا دووبارە شایەتی کوژاندنەوەکان دەبین".
ئەم ئەندامەی مەجلیسی ڕێژیم ئاماژەی کرد بە ناکارامەیی ڕێژیم لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی بەرنامەی حەوتەمی گەشە کرد و وتی کە لانیکەم ٥٥ لە سەد کارایی بۆ وزەخانەکان لەو بەرنامەیەدا دیاری کرابوو، بەڵام وەزارەتی وزە ڕایگەیاند کە گەیشتن بەو ئامانجە بە هۆی گوشارەکان و تێچووەکان مەحاڵە و داوای کەمکردنەوەی سەقفی کاراییەکە بۆ ٥٠ لەسەدی کردووە.
ئاژانسی هەواڵی مێهری ڕێژیم پێشتر لە ڕاپۆرتێکدا قەیرانی گازی لە ئێراندا درێژخایەن و زیانبەخش ناو برد و نووسی کە کەمیی ڕۆژانەی گاز لە زستانی ڕابردوو زیاتر لە ٣٠٠ میلیۆن میتری سێجا بووە و پێشبینی دەکرێت تا ساڵی ١٤١٠ بگاتە ٦٠٠ میلیۆن میتری سێجا.
لە کۆبوونەوەی ڕۆژی دووشەممەدا سەبارەت بە پێداچوونەوەی ناڕێکیی وزە، عەباس علیئابادی، وەزیری وزە، بە دووپاتکردنەوەی ئەدەبیاتی بەرپرسانی ڕێژیم، وتی کە ئێران لە بارودۆخی شەڕ و وشکەساڵیدایە و بە جێبەجێکردنی بڕیاراتی نوێ، کێشەیەک لە وەرزی زستانی ئەمساڵدا نایەتە پێش.
لە مانگەکانی ڕابردوودا، بەردەوامی و بەربڵاوی کوژاندنەوەکان لە سەرانسەری ئێران، لە شارە پیشەسازییەکان تا ناوچەکانی نیشتەجێبوون گۆڕا بۆ قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری و پچڕانی کارەبا لە وەرزی هاوین بووە هۆی داخرانی هێڵەکانی بەرهەمهێنان، کەمیی کار و دامەزراندن و زیانێکی زۆر بۆ پیشەسازییەکان.
کارناسان لەسەر ئەو باوەڕەن کە قەیرانی وزە لە ئێران نەک بە هۆی گەمارۆکانە، بەڵکوو ئاکامی خراپ بەڕێوەبردن، گەندەڵیی پێکهاتەیی و نەبوونی بەرنامە داڕشتنێکی واقیعبینانە لە بەشی وزەدایە.