کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

پیرۆزبایی جێگری سکرتێری حیزبی دێموکرات لە بەڕێوەبەریی نوێی یەکیەتیی خوێندکاران

08:46 - 23 رەزبەر 2725

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، بەڕێز مستەفا مەولوودی، جێگری سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە چاوپێکەوتنێک لەگەڵ هەردوو بەڕێوەبەریی نوێ و پێشووی یەکیەتیی خوێندکارانی دێموکراتی کوردستاندا، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی سەرکەوتوانەی حەوتەمین کۆنگرە یەکیەتیی خوێندکاران پیرۆزبایی خۆی ئاراستەی ئەندامانی بەڕێوەبەریی ئەم یەکیەتییە کرد.
بەڕێز مستەفا مەولوودی لە سەرەتای قسەکانیدا وێڕای پیرۆزباییی گەرمی بەبۆنەی سەرکەوتنی کۆنگرەی حەوتەمی یەکیەتیی خوێندکاران، هیوای خواست کە ئەم کۆنگرەیە ببێتە هەوێنی هەوڵی باشتر و سەرکەوتنی زیاتری یەکیەتییەکەی بەدوادا بێ.
جێگری سکرتێری حیزبی دێموکرات لە درێژەی قسەکانیدا پەرژایە سەر گرینگیی ڕۆڵ و شوێندانەریی توێژی خوێندکار لە هاوکێشە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکاندا لە ئێران و پاشان بە ئاوڕدانەوە لە کاریگەریی ڕووناکبیرانەی ئەم توێژە لە دروستکردنی ڕەوت و جەریانە سیاسییەکاندا وتی: “پێویستە بە شێوەیەکی وردبینانە و بە چاوی ڕێزەوە سەیری ئەم بابەتە بکرێت”.
هەر لەم چاوپێکەوتنەدا هەر یەک لە بەڕێزان جەماڵ فەتحی و هەردی سەلیمی، سکرتێری پێشوو و ئێستای  یەکیەتیی خوێندکاران، هیواخوازی ئەوە بوون کە کۆنگرەی حەوتەمی خوێندکاران بتوانێت ببێتە هەوێنی سەرکەوتن و هەوڵی باشتر و کارامەتر لە داهاتوودا.