
ڕاپۆرتەکانی ورمێ ئاماژە بە فراوانبوونی قەیرانی ڕۆچوونی زەوی و بەرزبوونەوەی مەترسیداری ئەم قەیرانە بۆ ١٧ سانت لە ساڵێکدا دەکەن.
ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر، ئیرەج سلێمانزادە، نوێنەری ورمێ لە شۆرای باڵای پارێزگاکان، سەبارەت بە دەرئەنجامەکانی زێدەڕۆیی لە دەرهێنانی سەرچاوەکانی ئاوی ژێرزەوی و وشکەساڵیی بەردەوام هۆشداری دا.
ناوبراو ڕەگ و ڕیشەی ئەم قەیرانەی بە "هەڵەی بەڕێوەبردن" و دروستکردنی ٣٢ بەنداو لە ناوچەی ڕووباری ڕۆژهەڵاتی گۆلی ورمێ زانی کە ڕەوتی ئاوی سروشتی بڕیوە و دەشتەکانی شەڵماش، خۆی و باشووری ڕۆژهەڵاتی ورمێ خەریکە ڕوو لە لەناوچوون دەکەن.
سلێمانزادە ڕەخنەی لە پشتگوێخستنی هۆشدارییە زانستییەکان گرت و وتی، لە ڕابردوودا بە قوڵایی میتر و نیو دەگەیشتینە ئاو، بەڵام ئێستا تا ٣٠ میتریش ناگەیتە ئاو.
ناوبراو بە ئاماژە بە کەمبوونەوەی قەبارەی ئاوی بەنداوەکانی مەهاباد و کازمیی بۆکان بە ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی کشتوکاڵی پارێزگاکە وتی: گۆڕینی زەوییە وشکەکان بۆ زەوییە ئاودێرییەکان یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی قەیرانی کەم ئاوی و ڕۆچوونی زەوی لە ورمێیە.
ناوبراو هۆشداریشی دا کە بەردەوامیی ئەم دۆخە لە ناوچەیەکی بوومەلەرزەلێدراوی وەک شەڵماش دەتوانێت کارەساتی مرۆیی و ژینگەیی لێ بکەوێتەوە.
پێشتر بەرپرسی فراکسیۆنی ژینگەپارێزیی ڕێژیم هۆشداری دابوو کە زێدەڕۆیی لە دەرهێنانی ئاوی ژێر زەوی بووەتە هۆی ژێرئاوکەوتنی زەوی لە ٣٠ پارێزگادا.