کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

گرانیی نرخی مریشک تیمی ئابووریی مەسعوود پزشکییانی ناچار بە ڕوونکردنەوە کرد

11:12 - 23 رەزبەر 2725

ڕاپۆرتە ئابوورییەکان باس لە گرانیی نرخی مریشک سەرووتر لە نرخی دیاریکراوی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان و ناکارامەیی دەوڵەتی ناوبراو لە ڕاگرتنی نرخی کەلوپەلی خۆراکی بەتایبەت مریشک دەکەن و ئەمە وای کردووە کە ١٠٠ نوێنەری ڕێژیم خوازیاری وڵامدانەوەی تیمی ئابووریی سەرۆککۆماری ڕێژیم بن.

ڕۆژی سێشەممە ٢٢ی ڕەزبەر ماڵپەڕی "جەماران" لە ڕاپۆرتێکدا نووسیویەتی: "سەرەڕای بوونی نرخی دیاریکراوی مریشک بە ١٣٥ هەزار و ٧٠٠ تمەن لەلایەن دەوڵەتەوە و بەلێنی وەزیری کشتوکاڵ بۆ جێگیرکردنی نرخی مریشک، لە ئێستادا لە بازاڕەکانی ئێراندا هەر کیلۆیەک مریشک زیاتر لە ١٤٥ هەزار تمەنە.

بەپێی ڕاپۆرتەکان، مریشک لە هەندێک شوێنی دیکەدا هەتا ١٥٧ هەزار و ١٧٢ هەزار تمەنیش فرۆشراوە.

گرانیی نرخی مریشک لەکاتێکدایە کە غوڵامڕەزا نووری قزڵجە، وەزیری کشتوکاڵی دەوڵەتی مەسعوود پزشکییان بەڵێنی دابوو هەتا کۆتایی وەرزی گەرما و چارەسەرکردنی کێشەی کارەبای کێڵگە پەلەوەرییەکان، ڕەوتی دووبارە چوونەسەرەوەی نرخی مریشک ڕابگرێت.

هەروەها هەواڵدەریی "تابناکـ"ـی ڕێژیم لەبارەی بەڵێنییەکانی وەزیری کشتوکاڵی ڕێژیمەوە نووسیویەتی: "قزڵجە یەکەمجار نییە بەڵێنی لەو چەشنە دەدات و چیتر کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕ و نرخی گوشت و مریشک لە توانای ناوبراودا نەماوە".

ئەو هەواڵدەرییەی ڕێژیم ئاماژەی بەوە داوە کە نووری قزڵجە نەک هەر نەیتوانی نرخی مریشک کۆنتڕۆڵ بکات بەڵکوو لە دانی بەڵێنی کەمکردنەوەی نرخی برنجیشدا سەرکەوتوو نەبووە و ئەوەش لاوازیی بەڕێوەبەری و چاوەدێریی دەوڵەتی پزشکییان و وەزیری کشتوکاڵەکەیەتی.

پێشتریش ڕۆژنامەی "پەیامی ما"ی سەر بە ڕێژیم لە ڕێکەوتی ٢١ی ڕەزبەردا بە ئاماژەدان بە "گرانیی زیاتر لە ڕابردوو" بە تانەوە ڕوو لە وەزیری کوشتوکاڵ نووسیبووی: "سەردەمانێک مریشک و گۆشت وەک بەشی سەرەکیی ژەمە خۆراکییەکان بە ئەژمار دەهاتن بەڵام لە ئێستادا زۆربەی بنەماڵەکان توانای کڕینیان نەماوە".