کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەرپرسێکی ئەرتەشی ئیسرائیل: ڕەنگە پێویست بکات جارێکی تر هێرش بکەینە سەر ئێران

11:15 - 9 رەزبەر 2725

بەرپرسێکی باڵای ئەرتەشی ئیسرائیل بە ڕۆژنامەی ''معاریو''ی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل خۆی بۆ چەند سیناریۆیەک لەوانە ئەگەری هێرشێکی دیکە بۆ سەر ئێران ئامادە دەکات.

ناوبراو وتی: ئەو شتانەی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە ئێران ڕوو دەدەن لە ژێر چاوەدێریی ئێمەدایە و بۆ کۆمەڵێک سیناریۆ و بژاردە ئامادەکاری دەکەین، یەکێک لەوانە ئەوەیە کە ڕەنگە پێویست بکات جارێکی دیکە بەرامبەر ئێران هەنگاو بگرینە بەر.

ئەو بەرپرسە هەروەها ڕایگەیاندووە کە کۆماری ئیسلامی لەلایەن ئەرتەشی ئیسرائیلەوە ''زەربەیەکی قورس''ی بەر کەوتووە. ئاماژەی بەوەش کرد، ڕێژیمی ئێران بە باشی ئاگاداری ڕادەی ئەو زیانانەیە کە بەری کەوتووە؛ لە مانای ئەم زیانانە و تواناکانی ئیسرائیل تێدەگات."

لەو پێوەندییەدا ڕۆژی یەکشەممە ٦ی ڕەزبەر، بێنیامین نێتانیاهوو سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هیچکات دەستپێکردنەوەی هەوڵەکانی ڕێژیمی ئێران بۆ بەرهەمهێنانی چەکی ناوکی بە مەبەستی لەناوبردنی وڵاتەکەی قەبووڵ ناکات.

هەروەها ڕۆژنامەی ''ئیسرائیل هیۆم'' بڵاوی کردەوە، هەوڵە دیپلۆماتیکەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی گەیشتووەتە بنبەست و ئەگەری شەڕێکی نوێ، توندتر و توندوتیژتر لە ڕابردوو، لە ئارادایە.

لەلایەکی دیکەوە کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی لەوانە عەلی لاریجانی و یەحیا ڕەحیم سەفەوی بە ئاشکرا باسیان لە درێژەدان بە شەڕ کردووە و جەختیان لەسەر ئامادەکاریی سەربازی کردووەتەوە، بێ ئەوەی گرینگی بە تێچووی مرۆیی، ئابووری و سیاسیی ئەو سیاسەتە مەترسیدارانەیە بدەن.