کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

هۆشداریی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: لە هیچ بارودۆخێکدا سەفەری ئێران مەکەن

10:49 - 24 رەزبەر 2725

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە ڕاگەیەندراوێکی نوێدا ڕایگەیاند کە لە ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ی ڕەزبەری ١٤٠٤ی هەتاوییەوە، خزمەتگوزاریی کونسولگەری بەشێوەی ئاسایی بۆ شارۆمەندانی ئەمریکایی لە ئێران لەبەر دەستدا نابێت.

لەم ڕاگەیەندراوەدا خزمەتگوزارییەکانی وەک دەرکردنی پاسپۆرت، ڕاپۆرتی کونسولگەری، لەدایکبوون لە دەرەوەی وڵات (CRBA) و خزمەتگوزارییەکانی نووسینگەی بەڵگە فەرمییەکان ڕادەگیرێت. ئەم بڕیارە دوای هۆشداریی توندی واشنگتۆن بۆ شارۆمەندانی ئەمریکا دراوە کە "لە هیچ بارودۆخێکدا سەفەری ئێران نەکەن".

لەو ڕاگەیەندراوەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە خزمەتگوزاریی پێویستی کونسولگەری لە ڕێگەی بەشی بەرژەوەندییەکانی دەرەوەی باڵیۆزخانەی سویس لە تاران، وەک پارێزەری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا، بەردەوام دەبێت.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئێران لە لیستی شوێنەکانی پلە چواردایە، واتە "بە هیچ شێوەیەک سەفەر مەکەن". لە هۆشدارییەکەدا هاتووە، پێویستە شارۆمەندانی ئەمریکا بۆ ئەگەری چوونەدەرەوە لە ئێران بەبێ پشتبەستن بە هاوکارییەکانی دەوڵەتی ئەمریکا پلانێکی سەربەخۆیان هەبێت.