کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بەردەوامیی ڕەوتی داخرانی کارخانەکانی لوڕستان؛ زەنگی مەترسیداری بێکاری و هەژاری

11:04 - 24 رەزبەر 2725

سەرەڕای پێداگریی زۆر لەسەر گەشەی بەرهەمهێنان و بووژاندنەوەی یەکە وەستاوەکان، ئامارە فەرمییەکان نیشانی دەدەن کە بەشی پیشەی لوڕستان لەگەڵ کێشەی پێکهاتەیی و بەڕێوەبەریی بەرەوڕوویە.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەرییەکانی ڕێژیم زیاتر لە ٢٢٠ کارخانە و یەکەی بەرهەمهێنان بە تەواوەتی و ٩٨٠ کارگە و کارخانەی دیکە بە شێوەی نیوەتەواو لە لوڕستان داخراون.

بەپێی ڕاپۆرتی هەواڵدەریی "تەسنیم" سەر بە سپای پاسدارانی ڕێژیم، سەرەڕای چالاکبوونی ڕەوتی بەرهەمهێنانی یەکەکانی بەرهەمهێنان و کارخانەکان لە ئێران، لوڕستان بەپێچەوانەوە لەگەڵ داخران و ڕاوەستانی ڕەوتی بەرهەمهێنان بەرەوڕوویە.

بە وتەی بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پیشەسازی، کانگا و بازرگانیی ڕێژیم لە لوڕستان باسی لەوە کردووە کە لەم ساڵانەی دواییدا، یەکەی بەرهەمهێنانی ئەم پارێزگایە تووشی قەیرانی جیددی بووەتەوە.

بەهمەن جەعفەری، بەڕێوەبەری گشتیی ئیدارەی پیشەسازی، کانگا و بازرگانیی ڕێژیم لە لوڕستان ئاماژەی بەوە داوە کە لە ئێستادا ٩٨٠ گەڵاڵەی پیشەسازیی نیوەتەواو لە لوڕستاندا هەیە.

ئەو بەرپرسەی ڕێژیم هەروەها بە ئاماژەدان بە کەمبوونەوەی بەرهەمە جۆراوجۆرەکان لەو پارێزگایە وتوویەتی: "ڕەوتی داخرانی کارخانەکان لەم پارێزگایە لە ئاستێکدایە کە تەنانەت کارخانە گەورەکانیش چەندایەتیی بەرهەمەکانیان کەم کردووەتەوە و ئەوەش ڕاستەوخۆ لەسەر هەڵکشانی ئاماری بێکاری و کەمبوونەوەی هێزی مرۆیی شوێندانەریی نەرێنی دەبێت". 

پارێزگای لوڕستان کە خاوەن سروشتێکی ڕازاوە، خاکێکی بەپیت، سامانی سروشتیی لەڕادەبەدەر، شوێنەواری مێژوویی دێرین، ئاوی زۆر و هێزێکی مرۆیی چالاک و زۆرە بەڵام بەهۆی هەڵاواردن و پشتگوێخستنی سیستماتیک لەلایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە، هەژاری و بێکاری بەرۆکی گرتووە و بە یەکێک لە هەژارترین و کەمداهاترین پارێزگاکانی ئێران بە ئەژمار دێت.