کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

بڕینی یارانەی ١٨میلیۆن کەس تا کۆتایی ئەمساڵ

15:59 - 24 رەزبەر 2725

لەحاڵێکدا کە گوشارەکانی هەڵاوسانی بژێوی لەسەر خەڵک ڕۆژ لەگەل ڕۆژ زۆرتر دەبێت، بەرپرسی ناوەندی خۆشبژێویی ئێران باس لە بڕینی یارانەی ١٨میلیۆن کەس تا کۆتایی ئەم ساڵدا دەکات.

ئەحمەد ڕۆستەمی لەم پێوەندییەدا وتی، کە یارانەی لانیکەم ٨ میلیۆن کەسیان لە مانگی خەرمانان و ڕەزبەردا بڕیوە و تا کۆتایی ئەمساڵ، یارانەی لانیکەم ١٠ میلیۆن کەسی دیکەش لە دەهەکەکانی ٩، ٨، و ١٠ش دەبڕدرێن.

ئەحەد ڕۆستەمی ئەم بڕینی یارانەی، بە جێبەجێکردنی ئەرکی یاسایی ماڵی ناو بردووە، بەڵام لە ڕاستیدا، دەهەک بەندییە ناڕوون و پڕ لە هەڵەکانی ڕێژیم، زۆربەی بنەماڵە کەمداهاتەکانیشی لە ڕیزی پڕداهاتەکاندا داناوە.

بە وتەی ڕۆستەمی تا ئیستا زۆرتر لە ١٨٠هەزار داواکاریی ناڕەزایەتی بۆ ئەم دەهەک بەندییانە تۆمار کراوە، ئەم ناڕەزایەتییانە نیشاندەری ئەوەیە کە ڕێوشوێنی دیاریکردنی داهاتەکان دادپەروەرانە نییە، بەڵکوو بەپێی داتا ناتەواوە بانکییەکان و بەراوردە ناڕاستەکانە.

ڕێژیم ڕایگەیاندووە کە سەرچاوە ی دەسکەوت لە یارانەی دەهەکە بڕاوەکان بۆ دانەوەی کۆپۆنی ئێلێکترۆنیکی دەهەکە کەمەکان خەرج دەکرێت، بەڵام لە ڕاستیدا داهاتێکی کەم بە ئەوان دەدرێت کە تەنیا بۆ کرینی چەن کەرەستەیەکی سەرەتایی کەڵکیان لێ وەردەگیرێت.