
هەردی سەلیمی
لە سەردەمی ڕەزاخانی پەهلەویدا بەمەبەستی سیاسی دابەشکارییەک کرا کە لەوێدا وڵاتی ئێران بەسەر دە پارێزگادا دابەش بوو. ئەم مەبەستە بەدیاریکراوی لە پارێزگای ورمێ بەناوی ئازەربایجانی ڕۆژاوا پیادە کرا، لەم هەوڵەدا ویستیان بە کەڵکاوەژۆوەرگرتن لە بەتایبەت دراوسێیەتیی دوو نەتەوەی کورد و تورکی نیشتەجێ لەو پارێزگایە، تۆوی کۆمەڵێک ناکۆکیی بێبڕانەوە و درێژخایەن لەوێ بچێنن. هەتا ئەو ڕادەیەی کە لە سەردەمی ڕەزاخاندا و بە چاولێکەری لە سەفەوییەکان ژمارەیەکی زۆر لە کوردی ئەو پارێزگایەیان بۆ خۆراسان و پارێزگاکانی باکووری جوغرافیای سیاسیی ئێران، بەزۆرەملێ گواستەوە؛ بۆ ئەوەی لانیکەم ئەو هاوسەنگییە بپارێزن و پێش بە زۆرینەبوونی نەتەوەی کورد لەو پارێزگایە بگرن.
ئەم سیاسەتانەی پەهلەوی دەقاودەق لەلایەن کۆماری ئیسلامییشەوە پەیڕەو کراوە، هەر لەو سەردەمەوە وا تازە هاتبووە سەر کار بە دانی دەسەڵاتی ڕەها بە مەلاحەسەنی و زەهیرنژاد و... بۆ سەرکوت و کوشتاری خەڵکی کورد، هەتا ئێستاش کە ئەم سەرکوتە لە شێوەی گرتن و ئەشکەنجە و ئێعدامدا خۆی دەردەخات. بەدەر لەم دژایەتییە ڕەق و زەقانە بە شێوەی نەرمیش هەوڵی سڕینەوە و پەراوێزخستن هەر دەدرێ، بەپێی ئامارەکان کوردانی ئەو پارێزگایە تەنیا دوولەسەد شانسی ئەوەیان هەیە لە پۆستە گرنگە سیاسی و دەوڵەتییەکانی ئەو پارێزگایەدا بەشدار بن و خۆیان ببیننەوە.
ئێستا کە دەسەڵاتە ناوەندییەکانی ئێران لە سەد ساڵی ڕابردووەوە دەستیان لە دێموگرافیی ئەو پارێزگایە بە قازانجی تورکەکان وەرداوە، بەوەندەش قایل نەبوون؛ لە چەند ساڵی ڕابردوودا کە بەشێک لە تورکە توندئاژۆ و دەمارگرژەکان هەر جارە و بەبۆنەیەکی نوێوە بەڵام بە یەک مەبەست دەردەکەون، ئێستا گەیشتووەتە ئەو ئاستەی کۆمیسیۆنێکی بەناو مافی مرۆیی و لە ڕاستی و نێوەرۆکدا دژەمرۆیی لەژێر ناوی "کۆمیسیۆنی مافی مرۆییی کانوونی وەکیلانی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات" بەیاننامەیەکی بەتەواوی فاشیستی و شۆڤینیستیی دەرکردووە و لەوێدا وێڕای ئەوەی هەموو کوردانی پارێزگای ورمێ بە کوردی پەنابەر لە قەڵەم دەدات، هاوکات کۆمەڵێک تاوانی وەک "سیخوڕی" و "بەستراوەیی بە سەهیۆنیزم" لەژێر پاساوی بەخەمبوونیان بۆ تەواویەتی ئەرزیی ئێران دەداتە پاڵیان! ئەم هەوڵە نەزۆکانە تەنیا بەو مەبەستەیە سەرنجی دەسەڵاتی ناوەندیی تاران ڕاکێشن و ئەو کارەیان وا لە ساڵی ٥٨ـەوە بۆیان نەکراوە، لە ئێستادا بۆ بکەن؛ ئەویش بریتییە لە نەهێشتنی کورد و سڕینەوەی کورد لە قازانجی ئەو بیرتەسکانەدا.
بەڵام کێ هەیە نەزانێ ناونیشانی سەرەکیی ئەم هەوڵانە کوێیە؟ کاتێک لە شاری تەورێز و ستادیۆمە وەرزشییەکانیدا دروشمی مەرگ و نەمان بۆ کورد دەدرێ و ئاڵای باکۆ و ئانکارا دەشەکێنرێتەوە، هەموو دەزانن سەرچاوەی ئەم کێشانە کوێیە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بۆ هەموو چالاکان و "دلواپسان"ـی سیاسیی فارس بێدەنگن و بە تەنیشت ئەم شتانەدا تێدەپەڕن؟ بڵێی ڕێککەوتنێکی نەنووسراو بێ بەڵام بە نێوەرۆکی ڕێککەوتنی سەعدئاباد؟! یانی کۆماری ئیسلامی ئامادەیە زەرەر بکات، بەو مەرجەی نەتەوەی کورد زەرەرمەندتر بێت؟ یان بواریان بۆ دەڕەخسێنێ بۆ هەڵگیرساندنی شەڕێکی کونترۆڵکراوی نەتەوەیی لەو پارێزگایەدا بۆ دەربازبوونی خۆی لە قەیرانەکان؟!
بەداخەوە ئەوەی لە ئێستادا ڕوو دەدات بەرهەمی بیرتەسکی و توندئاژۆییی کۆمەڵیک کەسە کە لە سەرچاوەیەکی دیکەوە ئاو دەخواتەوە و گەیشتووەتە دراوسێیەتیی ئێمە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، ئەوەی زۆرتر دەبێتە هۆی بەداخبوون ئەوەیە کەوا کۆمەڵێک کەس بەناوی پارێزەری مافی مرۆڤەوە هەتا ئەم ڕادەیە لە تەوەههومدان و تا ئەم ئاستە دژی ڕاستییەکان و باوەڕە مرۆیییەکانن؛ بەڵێ ئەوەیە بەداخبوونەکە قووڵتر دەکات. ئەم کەسانە لە خەیاڵدا دەژین و توانای بیرکردنەوەی ئەوەیان نییە ڕاستییەکانی دەوروبەری خۆیان ببینن. ئەم مەڵبەندە کە ئێستا شەڕێکی نەرمی لەسەرە و دوور نییە شەڕەکە ئاراستەیەکی تر بەخۆیەوە بگرێ، سەدان ساڵە شوێنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی چەندین نەتەوە و پێڕەوانی چەندین ئایین و ئایینزای جیاواز بووە؛ لەبەرچاونەگرتنی ئەم ڕاستییە و هەوڵی خۆسەپاندن لەلایەن هەر لایەک لەم ڕۆڵگێڕ و دانیشتووانەوە، خەساری قەرەبوونەکراوی بەدوادا دێ.
ئومێد وایە کەسانی هەڵکەوتە و سیاسیی بەتایبەتی لەنێو نەتەوەی تورکدا، پێش لەوەی زۆر درەنگ بووبێ لەو بێدەنگییە بێنە دەر و هەڵوێستی مەعقوول و مرۆڤانە و ژیرانە بنوێنن. وەبیر بەشێک لە خەڵکەکەیان بێننەوە ئەو خاکە خاکێکی هاوبەشە و سەدان ساڵە چەندین نەتەوە بەئاشتەوایی تێیدا دەژین و بەزاندنی هیچکام لەو نەتەوانە بۆ ئەوی دی ئیمکانی نییە و باشترین ڕێگە چارە بۆ پێشگرتن لە هەر ڕووداوێکی تاڵ و نەخوازراو، سازان و ئاشتی و تۆلەرەنسە. دەبێ هەموو لایەک هەوڵ بدەن ورمێ کە هێمای پێکەوەژیانی کورد و ئەرمەنی و جوو و مەسیحی و تورک و سوننی و شێعە و کۆرەسوننی و بەهایی و... بووە؛ هەروا بە ڕەنگاوڕەنگی و پاراستنی جۆراوجۆرییەکانی بمێنێتەوە.