کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ترامپ: ئەگەر ئێران بەدوای چەکی ناوکییەوە بێت، دامەزراوەکانی لەنێو دەبەین

13:25 - 24 رەزبەر 2725

دۆناڵد ترامپ هۆشداریی دا کە لە ئەگەری بەردەوامیی هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ دروستکردنی چەکی ناوکی، دامەزراوە پێوەندیدارەکانی دەکەنە ئامانجی هێرشی سەربازی و بە تەواوەتی لەنێوی دەبەن.

سەرۆککۆماری ئەمریکا لەو لێدوانەیدا ئاماژەی بەوە داوە کە ڕێژیمی ئێران هەموو هەوڵەکانی خۆی بۆ "مانەوە" خستووەتە گەڕ و وتوویەتی: "لە دوو حەفتەی ڕابردوودا چەندین ڕاپۆرتمان بەدەست گەیشتووە کە باس لەوە دەکەن ڕێژیمی ئێران بەدوای دروستکردنی چەکی ناوکییەوەیە".

ترامپ هەروەها باسی لەوە کردووە کە: "ئەوان کاری زیاتریان هەیە کە پێش چەکی ناوکی دەبێت بیکەن و دوایین شتێک کە ئەوان دەیانهەوێت، دروستکردنی چەکی ناوکییە".

ناوبراو لە درێژەدا هۆشداریی بە ڕێژیمی ئێران داوە کە ئەگەر تەنانەت بیهەوێت لە دروستکردنی چەکی ناوکیش نزیکەوە بێت، لە ڕێگەی هێرشی سەربازییەوە لەنێوی دەبەین.

سەرۆککۆماری ئەمریکا باسی لە تواناییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی بەمەبەستی لەنێوبردنی دامەزراوە ناوکییەکانی ڕێژیمی ئێران کردووە و پێداگر بووە لەسەر ئەوەی کە بۆمبهاوێژی بی ــــ ٢ی ئەو وڵاتە لە هێرشی ڕابردوودا ئامانجەکانی خۆی بەوردی پێکاوە و لەنێوی بردوون.

ئەو قسانەی ترامپ دەرخەری ئەوەیە قەیرانی ناوکیی ڕێژیمی ئێران بابەتێکی هەستیاری ناوچەکەیە و سیاسەتی نێونەتەوەیی و هەرجۆرە هەوڵێکی ئەو ڕێژیمە دژکردەوەی توندی سەربازی و سیاسی بەدواوەیە.