
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهایی لە بەیاننامەیەکی نوێ و ڕەخنەگرانەدا، بەردەوامیی دەستبەسەرداگرتنی ماڵ و سامانی هاووڵاتییانی بەهایی لە ئێسفەهانی بە بەشێک لە هەڵمەتی ڕێکخراوی ڕێژیمی ئێران بۆ زەوتکردن و لەناوبردنی بژێوی کەمایەتییە ئایینییەکان وەسف کرد.
بەپێی ئەو ئامارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەهایی بڵاوی کردووەتەوە، سێ بەرپرسی دادوەری لە ئێسفەهان، فەرمانی دەستبەسەرداگرتنیان دەر کردووە و دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی چەند هاووڵاتیی بەهاییدا گرتووە، لەوانە باخی فستق و موڵکی نیشتەجێبوون کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی ئەو خێزانانە بوون.
سیمین فەهەندژ، نوێنەری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەهایی لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەم کارانەی بە "دزی ڕێکخراوی دەوڵەتی" ناو برد و جەختی لەوە کردەوە کە کۆماری ئیسلامی بە لێئەستاندنەوەی مافی خاوەندارێتی بەهاییەکان و ڕێگریکردن لە دابینکردنی بژێوی ژیانیان، خەریکە سیاسەتی هەژاریی زۆرەملێ جێبەجێ دەکات.
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە کە بە ئاماژەدان بە پشتبەستن بە بڕگەی ٤٩ی یاسای بنەڕەتیی ڕێژیم، بڕیاری دەسبەسەرداگرتنی موڵک و ماڵی بەهاییەکان بەبێ بەڵگە یان پرۆسەیەکی دادوەریی ڕوون دەردەچێت.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ئەم بڕیارانە لەژێر چاوەدێریی ڕاستەوخۆی ناوەندەکانی وەک ستادی جێبەجێکردنی فەرمانی خومەینی و لەلایەن ئەو بەرپرسانەوە دەدرێت کە پێشتر لەلایەن یەکیەتیی ئورووپاوە بەهۆی پێشێلکاریی مافی مرۆڤەوە سزا دراون.
سەرکوتی بەهاییەکان لە ئێراندا تەنیا تایبەت بە بواری ئابووری نییە، بەڵکوو بێبەشکردن لە خوێندن و دەسبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە و پڕوپاگەندەی دژەئایینی بەشێکن لە سیاسەتی لەمێژینەی ئەو ڕێژیمە بۆ سڕینەوەی ئەو کۆمەڵگە ئایینییە.
سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕاپۆرتی ئەم دواییەیدا گوشارخستنەسەر بەهاییەکانی بە یەکێک لە نیگەرانییە جیددییەکانی جیهان لە بواری مافی مرۆڤ لە قەڵەم دا و داوای کرد دەستبەجێ کۆتایی بە هەڵاواردنی پێکهاتەیی و ئایینی بەرامبەر بە بەهاییەکان بهێنرێت.