
وەزیرانی دەرەوەی حەوت وڵاتی پیشەسازی بە دەرکردنی بەیاننامەیەکی فەرمی، پشتیوانییان لە چالاککردنەوەی مێکانیزمی ماشە لەلایەن فەرانسە، ئاڵمان و بریتانیا و گەڕاندنەوەی گەمارۆکان دژی ئێران کرد و ئەوەیان بە وڵامێکی پێویست بۆ "پێبەندنەبوونی بەردەوامی ئێران" بە بەڵێنەکانی بەرجام زانی.
وەزیرانی دەرەوەی گرووپی حەوت داوایان لە ڕێژیم کردووە کە بە بێ ڕاوەستان، هاوکاریی پشکێنەرانی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ناوکی بکەن و دەسبەجێ وتووێژی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمریکا سەبارەت بە پرسی ناوکی بخەنە دەستووری کاری خۆیانەوە.
حەوت گرووپی پیشەسازی جەختیان کردەوە کە بەپێی بەڵێنەکانیان وەکوو ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، خەریکی گەڕاندنەوەی خێرای گەمارۆکان بەپێی بڕیارنامەکانی شۆرای ئەمنییەت دژی ئێرانن.
گرووپی حەوت هەروەها داوای لە هەموو ئەندامانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە ئەم گەمارۆیانە و باقی سنوودارکردنەوەکان دژی ڕێژیمی ئێران بەتەواوەتی جێبەجێ بکەن.
لەم بەیاننامەیەدا هاتووە: "ئێمە داوا لە ئێران دەکەین کە لە هەر چەشنە هەوڵێک کە ببێتە هۆی ئاڵۆزی خۆ ببوێرێ و دەسبەجێ بچێتە نێو وتووێژ لەگەڵ ئەمریکاوە."
لە بەشێک لەم بەیاننامەیەدا هاتووە کە کۆماری ئیسلامی دەبێ بە بێ دواکەوتن هاوکاری لەگەڵ ئاژانسی وزەی ناوکی بکات، پشکنینەکان دەست پێ بکاتەوە و سەبارەت بە پاشەکەوتی ماددەی ناوکی بەتایبەت ئۆرانیۆمی پیتێندراوی خۆی ڕوونکردنەوە بدات.
گرووپی حەوت جەختی کردووەتەوە کە دیپلۆماسی هێشتا پێگەیەکی گرینگی هەیە و سەرەڕای گەڕانەوەی گەمارۆکان، ڕێگەچارەی دیپلۆماتیک دەبێ درێژەی هەبێت هەتا ئەو کاتەی کە ئەو دڵنیاییە بدرێت کە ئێران قەت دەستی بە چەکی ناوکی ڕاناگات.