
وەزیری دەرەوەی نیووزیلەند، هاوشێوەی زۆربەی وڵاتانی جیهان پەیوەستبوونی وڵاتەکەی بە سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ڕێژیمی ئێران بەهۆی نیگەرانیی لەبارەی پێبەندنەبوون بە بڕیار و بەڵێنییە ناوکییەکانی، ڕاگەیاند.
بەپێی ڕاپۆرتی "ڕویتێرز"، وینستۆن پیتێرز وەزیری دەرەوەی نیووزیلەند ڕایگەیاندووە کە ئەو بڕیارە لە دژکردەوە بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ڕێککەوتننامەی بەرجام لەلایەن ڕێژیمی ئێرانەوە دراوە.
وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە لە دووتوێی بەیاننامەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە ئەو سزا نوێیە دەسبەسەرداگرتنی داراییەکان، ڕێگری لە چوونی کەسانی سزادراو بۆ ئەو وڵاتە، ڕێگری لە هەناردەکردن و هاوردەکردنی هەندێک کەرەستەی ناوکی و سەربازی لەخۆ دەگرێت.
هەروەها لەو بەیاننامەیەدا داوا لە شارۆمەندانی ئەو وڵاتە کراوە کە لەهەمبەر هەڵسوکەوتیان لەگەڵ ئێراندا پارێز بکەن.
پیتێرز لەو بەیاننامەدا پێداگریی کردووە کە بڕیاری چالاککردنی ئەو سزایانە، دەرخەری نیگەرانیی جیددیی کۆمەڵگەی جیهانی بەنیسبەت ئاستی قەبووڵنەکراوی ئۆرانیۆمی پێتێندراو لەلایەن ڕێژیمی تارانەوەیە.
هەروەها بەرپرسانی نیووزیلەند لەو بەیاننامەیەدا باسیان لە بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی دیپلۆماسی بەمەبەستی ڕێگری لە پەرەسەندنی چەکی ناوکی کردووە و بۆ ئەو مەبەستەش هاوکاریی تەواوی خۆیان لەگەڵ ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ناوکی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان دووپات کردووەتەوە.