
وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕایگەیاند کە ٢١ ناوەند و ١٧ کەسی پەیوەندیدار بە تۆڕەکانی دابینکردنی چەکوچۆڵ لە کۆماری ئیسلامیی بە لیستی سزاکانی زیاد کردووە.
بە وتەی ئەمریکا ئەو تۆڕانە ڕۆڵیان لە دابینکردنی تێکنۆلۆژی و کاڵای هەستیار، هەروەها بەرنامەی مووشەکی بالستیک و فڕۆکەی نیزامیدا هەبووە.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی داراییە دەرەکییەکانی وەزارەتی خەزێنەداریی ئەمریکا ڕۆژی چوارشەممە ٩ی ڕەزبەر ڕایگەیاند کە ئەم تۆڕانە لە دابینکردنی تیکنەلۆژیی پێشکەوتوو بۆ سیستمی مووشەکی زەوی بۆ ئاسمان و هەروەها کڕینی نایاسایی هێلیکۆپتەرێکی دروستکراوی ئەمریکا بۆ ئێران بەشدار بوون.
ئەم تۆڕانە پارچە و کەرەستەی پێویستیان بۆ پیشەی هەوافەزای ئێران دابین کردووە، لەوانە گرووپی پیشەسازیی باکر و پیشەسازیی ئێلیکترۆنیکی شیراز.
سکات بێسنێت، وەزیری خەزێنەداریی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی: "پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران لە گرووپە نیابەتییەکانی تێرۆریستی و هەوڵدان بۆ چەکی ئەتۆمی، هەڕەشە لە ئەمنییەتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە سەرانسەری جیهان دەکات.''
ناوبراو زیادی کرد، بە ڕێبەریی دۆناڵد ترامپ، ڕێگری لە دەستپێڕاگەیشتنی ڕێژیمی ئێران بەو چەکانە دەکەین کە بۆ مەبەستی تێکدەرانەی خۆی بەکاری دەهێنێت.
هەر لەو پێوەندییەدا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی گەمارۆکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێنج کەسی ئێرانی و ناوەندێکی ئێرانی بەهۆی پەیوەندییان بە ڕێکخراوی لێکۆڵینەوە و داهێنانی بەرگریی ڕێژیمی ئێران (سەپەند) خستووەتە لیستی گەمارۆکانەوە.