کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆچی دوایی ئەندامێکی دێرینی حیزبی دێموکرات لە تەنگیسەر

16:29 - 27 رەزبەر 2725

ڕۆژی پێنجشەممە ٢٤ی ڕەزبەری ١٤٠٤،  دایە خاوەر حوسێنپوور ئەندامی دێرینی حیزبی دێموکرات و خەڵکی ئاوایی تەنگیسەر سەر بە شاری سنە، بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

دوای سەرکەوتنی شۆڕشی گەلانی ئێران و ئاشکرابوونی خەباتی حیزب و سەپاندنی شەڕ بەسەر کوردستاندا لەلایەن ڕێژیمی ئاخوندییەوە، خەڵکی کوردستان وێڕای پێشمەرگەکان دەستیان بە خەبات کرد و بەشێک لە ئەرکی خەباتیان خستە سەر شانی خۆیان.

ژنانی خەباتکاری کوردستانیش شانبەشانی پیاوان لە ڕیزی پێشمەرگەکان و ئەندامانی ناوخۆدا بەشداری خەباتەکە بوون.

هەر لەم ڕاستایەدا دایە خاوەر کە مووچە و مەزرا و ماڵەکەیان شوێنی حەوانەوەی پێشمەرگەکانی حیزب بوو، بە فەرمی بوو بە ئەندامی حیزبی دێموکرات.

برایەکی دایە خاوەر بە نێوی حەبیبوڵڵا حوسێنپوور پێشمەرگەی حیزب بوو کە لە شەڕی ٢٨ ڕۆژەی سنەدا و لەپێناو ڕزگاری نەتەوەکەیدا گیانی پاکی بەخشی و تێکەڵ بە کاروانی شەهیدان بوو.

دایە خاوەر هەتا دوایین ساتەکانی ژیانی وەفادار بە ڕێبازی دێموکرات و برا شەهیدەکەی مایەوە و بە درێژایی تەمەنی ئەوەی کە لە توانایدا بووبێ وەکوو ئەندامێکی حیزب بەجێی گەیاندووە.

تەرمی دایە خاوەر لەنێو ئاپۆرای خەڵکدا لە گۆڕستانی تەنگیسەر بە خاکی نیشتمان سپێردرا.

ناوەندی ڕاگەیاندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بەم بۆنەوە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و خزم و کەسوکاری ناوبراو دەکات و خۆی بە هاوبەشی خەمیان دەزانێت.