کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ڕاپۆرتی لێبوردنی نێونەتەوەیی لە شەپۆلی سەبارەت بە لەسێدارەدانەکان لە ئێران؛ ئامانجی سەرەکیی کوردستان و بەلووچستانە

16:53 - 27 رەزبەر 2725

ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی بە بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی نوێ، باسی لە تۆمارکردنی زۆرتر لە هەزار حاڵەتی لەسێدارەدان لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاکوو ئێستا کردووە و ئەمەی بە گەورەترین شەپۆلی لەسێدارەدان لە سێ دەیەی ڕابردوودا وەسف کردووە.

ئەم دامەزراوە هۆشداری داوە کە کۆماری ئیسلامی لە سزای لەسێدارەدان وەک کەرەستەیەک بۆ سەرکوتی خۆپیشاندانەکان و دروستکردنی ترس و کپکردنی دەنگی کەمینە نەتەوەییەکان بە تایبەتی لە نێوان دوو نەتەوەی کورد و بەلووچدا کەڵک وەردەگرێت.

حوسێن بائۆمی بەرپرسی بەشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئافریقای لێبوردنی نێونەتەوەیی بە دەڕبرینی نیگەرانی لە چڕبوونەوەی لەسێدارەدانەکان وتی: لە کاتی سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا کاربەدەستانی ئێران لەسێدارەدانیان وەک چەکێکی سیاسی بۆ کۆنترۆلی کۆمەڵگە بەکار هێناوە.

ناوبراو وتی کە زۆربەی ئەم حوکمانە پێوەندییان بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەرەوە بووە و دوای دادگایی نادادپەروەرانە و لێپرسینەوە لەگەڵ ئەشکەنجە و دانپێدانانی زۆرەملێ حوکم دراون.

ئەم دامەزراوە داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە کە لە دانیشتنەکانی داهاتووی ڕێکخراوەی نەتەوە یەکگرتووەکاندا داوای ڕاگیرانی بەپەلەی لەسێدارەدانەکان و لابردنی حوکمەکان، هەڵپەساردنی فەرمیی جیبەجێکردنیان و پێداچوونەوە لەلایەن دادگای ئینقلابەوە بکات.

هەروەها ئەم ڕێکخراوەیە داوای لە وڵاتانی جیهان کردووە کە بە کەڵکوەرگرتن لە دەسەڵاتی جیهانی، لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە سزای ئەشکەنجە و تاوانە نێونەتەوەییەکانی دیکە لە ئێراندا دەست پێ بکەن و حوکمی دەسبەسەرکران بۆ ئەو دەسەڵاتدارانە دەر بکەن کە لەمبارەوە بەرپرسیارەتی کەیفەرییان هەیە.

لە بەیاننامەیەکدا هاتووە کە هەزاران کەس لەوانەی کە لە دۆسییەی سیاسیدا بە موحاربە و افساد فی الارض یان بە تاوانەکانی ماددەی هۆشبەر تۆمەتبار کراون، مەترسیی لەسیدارەدانییان لەسەرە.

لێبوردنی نێونەتەوەیی بە ئاماژە بە نەبوونی سەربەخۆیی لە دادگاکانی ڕێژیم و هاوکاریی دامەزراوە ئەمنیی و ئیتلاعاتییەکان لە دەرکردنی حوکمی لەسێدارەدان، ڕایگەیاندووە کە زۆرترین لەسێدارەدانەکان لە نێوان کەمینە نەتەوەیی و ئایینیەکانی وەک کوردەکان و بەلووچەکان و عەرەبەکاندا بووە.

لەسێدارەدانە بەربڵاو و دوابەدوایەکەکان لە کوردستان و بەلووچستان، نیشاندەری قووڵی قەیرانی مافی مرۆڤ لە ئێرانە و لەسێدارەدان بۆتە هەرەشەیەک بۆ سەر نەتەوەکانی کورد و بەلووچ.